"ئێران هیچ ناوچەیەكی كوردستانی تۆپباران نەكردووە.. وەكو جاران گەشتیاران هاتوچۆ دەكەن"

حاجی ئۆمەران-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، ئێران تەنیا مانۆڕێكی سەربازیی لەسەر سنوورەكانی خۆی ئەنجام دەدات و هیچ ناوچەیەكی لە سنووری حاجی ئۆمەران تۆپباران نەكردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا وەكو جاران جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بەردەوامە.
(فرزنك ئەحمەد)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێستا لە حاجی ئۆمەران هیچ كێشەیەك نییە و ئێران هیچ ناوچەیەكی كوردستانی تۆپباران نەكردووە، تەنیا مانۆڕێكی سەربازی هەیە لەسەر سنوورەكانی خۆی و هەرێمی كوردستان، بەڵام لە خاكی خۆیەتی و هیچ ناوچەیەكی هەرێم تا ئێستا تۆپباران نەكراوە".
بە گوتەی (فرزنك)، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە و هیچ كێشەیەك نییە و وەكو جاران گەشتیاران هاتوچۆ دەكەن.
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەیش كرد، "لە رووی ئەمنییەوە ناوچەكە تەواو ئارامە و هیچ گرفتێك نییە، ئێستا سندووقەكان دابەشی سەر بنكەكان دەكەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سبەینێ دەنگی خۆیان بدەن".
ڕابین شێروانی




