٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعید مەسیفی: تەنیا ڕیفراندۆم چارەنووسمان دیاری دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، تا ئیستا هیچ بەدیلێک بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نییە و، دەشڵێت، یەکێتی پشتیوانیی ئەو پرسە دەکات.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 4/6/2017ی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بڕیار درا، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی 2017 ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە یەکێتی و پارتی و حزبەکانی دیکە، دوێنێ لە دوا بانگشەی پرۆسەکەدا بوون، (سەعید مەسیفی)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''یەکێتی پێی وایە تا گەرەنتی نەبێت بۆ سەربەخۆییی کوردستان، هیچ کاتێک ڕیفراندۆم دوا ناخرێت و لە هەماهەنگیی بەردەوام دایە لەگەڵ (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.''

(سەعید مەسیفی) گوتیشی: ''پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە پێکەوە کار دەکەن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کە تا ئێستا هیچ بەدیلێکی نییە.''

(مەسیفی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''گەلی کوردستان بۆیە خەبات و قوربانیی داوە، تا بگاتە ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی، بۆیە ئێستا باشترین و گونجاوترین دەرفەت لە بەردەمی گەلی کوردستانە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارنووسی خۆی بدات.''

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار