سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: هه‌ڵوێستی رووسیا جێی شانازییه

هه‌ولێر-KDP.info- (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، "هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی رووسیا جێی شانازییه''، (سه‌رۆك بارزانی) هاوكات ره‌خنه له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به ریفره‌ندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌گرێ و ده‌ڵێ، "سه‌رمان سووڕ ماوه و به‌لامانه‌وه سه‌یره".
(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و قسانه‌ی له میانه‌ی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسیی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا كرد. ئه‌و دیمانه‌یه ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 23ی ئه‌یلوول) بڵاو بووه‌ته‌وه.
بیانووی ئه‌مه‌ریكا
كۆشكی سپی له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا سێ به‌یاننامه‌ی ره‌سمی سه‌باره‌ت به ریفره‌ندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیاندا، داوای دواخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه كراوه.
له‌و به‌یاننامانه‌دا "نه‌مانی فۆكس" له‌سه‌ر شه‌ڕی داعش و "دۆخی عێراق" بیانووی به‌رپرسانی كۆشكی سپی بوون بۆ دواخستنی ریفره‌ندۆم.
(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار ئه‌وه‌ی دووباره كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وانه ته‌نیا "بیانوون". (سه‌رۆك بارزانی)، دوێنێ (هه‌ینی 22ی ئه‌یلوول) له كه‌رنه‌ڤاڵكی به‌رفراواندا له شاری هه‌ولێر كه نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س تێیدا به‌شدار بوون، ئه‌و بیانووانه‌ی ره‌ت كرده‌وه.
(سه‌رۆك بارزانی) له‌و دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكایش كردوویه‌تی، ده‌ڵێ، "ئه‌وانه هیچی راست نین و به پێچه‌وانه‌یه، ئه‌وانه هه‌مووی بیانوون. هه‌موو جیهان شایه‌تی ئه‌وه بوون كه هێزی پێشمه‌رگه چۆن ئه‌فسانه‌ی داعشی تێك‌شكاند. هێزی پێشمه‌رگه به چ حه‌ماسێكه‌وه شه‌ڕی داعشیان كردووه، دوای ریفره‌ندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به حه‌ماسی زیاتره‌وه شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن."
هه‌ڵوێستی رووسیا
ئێستا پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، رۆژه‌ڤی زۆربه‌ی میدیا جیهانییه‌كان و ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كیی گفتوگۆ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
له كۆبوونه‌وه‌یه ساڵانه‌یه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، پرسی ریفره‌ندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌سه‌ر مێزی دانوستانی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌ییی دراوسێی كوردستان و زلهێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو.
وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌ت ئێران و توركیا به ته‌واوی دژی پرۆسه‌ی ریفراندۆمن، به‌ڵام له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاته كاریگه‌ره‌كان، هه‌ڵوێستی جیاواز هه‌یه.
(ئیمانوێڵ ماكرۆن) سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، جه‌ختی كرده‌وه كه ئه‌وان دژی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیانه ناوه‌ستنه‌وه و كوردی هان دا، مافی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا بپارێزیت.
شاره‌زایانی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وه به ئاماژه‌یه‌كی "ئه‌رێنی"ی فه‌ره‌نسا بۆ پرسی ریفره‌ندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان لێك ده‌ده‌نه‌وه.
هاوكات هه‌ڵوێستی رووسیایش نزیكه له هه‌ڵوێستی فه‌ره‌نسا. ئه‌و دوو وڵاته له پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تین.
به‌رپرسانی كۆشكی كریملین تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی داوای دواخستنی ریفراندۆمیان نه‌كردووه.
(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه به ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، "هه‌ڵوێستی رووسیا جێی شانازییه... ئێمه نالێین پشتمان ده‌گرن، به‌ڵام دژایه‌تیشیان نه‌كردووین و ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی جیاوازه".
مێژووی ئاماده‌بوونی رووسیا له شۆڕشه‌كانی كورد و كاریگه‌رییه‌كانی، به ته‌واوی له ناو دیرۆكی كورداندا دیاره. له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا چه‌ند ناوه‌ندێكی فه‌رمیی رووسیا، پشتگیری‌یان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان كردووه.
(خۆشه‌وی مه‌لائیبراهیم) نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌ره‌ده له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی مۆسكۆ به‌رانبه‌ر به كوردستان لا ده‌دات.
(خۆشه‌وی مه‌لائیبراهیم) ده‌ڵێ، "له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و لایه‌نه حزبی و حكوومییه‌كانی رووسیادا، ئه‌وان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه كه پشتگیریی له داوای ره‌وای كوردان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه".
له‌مڕۆوه (شه‌مه 23ی ئه‌یلوول) هاووڵاتیانی كوردستانی عێراق كه تاراوگه‌نشینن، ده‌ستیان به ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیكی كردووه و ئه‌مه‌ش مسۆگه‌ربوونی ئه‌وه‌یه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك پرۆسه‌ی ریفره‌ندۆم دواناخرێ.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیی هه‌رێمی كوردستان بڵاو بووه‌ته‌وه، پێنج ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س له هه‌رێمی كوردستان، ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و وڵاتانی دیكه، مافی ده‌نگدانیان هه‌یه.
كاوه جه‌م




