٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی نوێنەران بێ کورد کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
به‌غدا-KDP.info- وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی لە رۆژی دوو شەممە داناوە، کە ھاودەمە لەگەڵ رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، لە کاتێکدا رۆژانی سێ شەممان دانیشتنی پەرلەمان کراوە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئەندامە کوردەکان لەو رۆژەدا بەشدار نابن، هۆکارەکەشی بۆ گرنگی دەنگدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە.
 
(رێناس جانۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "عەرەبی شیعە و سوننە، سەربەخۆییی کوردستان وەکو کارتێک بۆ پڕوپاگەندەی خۆیان بەکار دێنن، تاوەکو لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا سەرکەوتن بە دەست بھێنن، ھەر لەبەر ئەوەش دەبینین چەند نزیکی ریفراندۆم دەبینەوە، زیاتر ئەو دەنگانە بە دیار دەکەون، بەڵام لەو باوەڕەدام کاتێک ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و ئەنجامەکەی بە دەردەکەوێت، ئەو دەنگانە ھەموو کپ و بێ دەنگ دەبن".
 
(جانۆ) گوتیشی، "رۆژی دوو شەممە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە، کە ھاودەمە لەگەڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، "ئەوە یەکەم جارە لەو رۆژەدا پەرلەمان کۆدەببێتەوە"، ناوبراو هۆکارەکەشی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان  دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "ئەگەرنا عادەتەن رۆژانی سێ شەممان پەرلەمان کۆدەبوویەوە".
 
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی پێشیوایە، مەبەستیان ئەوەیە تاوەکو بزانن کێ لە ئەندامانی کورد گەڕاوەتەوە و بەشدار بووە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، "بەڵام لەو رۆژەدا ھیچ شتێک بۆ ئێمە لە ریفراندۆم گرنگتر نیە، لەو باوەڕەدام، کە ھیچ لە ئەندامانی کورد لەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، هیچ یەک لە ئەندامە کوردەکانی پەرلەمان بەشدار نابن".
 
رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار