سەرۆک بارزانی: دوای 25-9 گفتوگۆی جیددی دەکەین.. ڕێفرهندۆم له دهستی گهلدایه
هەولێر-KDP.info- سەرۆکی کوردستان گوتاریدا لە کەرنەڤاڵی هەولێر بۆ سەربەخۆییی کوردستان رایگەیاند، ''ئامادەین بۆ گفتوگۆی زۆر جیددی و بە دڵێکی ساف و مێشکێکی کراوە، بەڵام دوای 25ی 9. تازە کات زۆر درەنگە بۆ ئەو جۆرە قسانەی کە دەڵێن ریفراندۆم دوا بخەن، سەرهڕای هەموو ئەو هەوڵانەیش شتیک بە خوای خۆم و ئێوەش دەڵێم، من ئەو کەسە نیم کە خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بکەم."
سەرۆکی کوردسان ئەمڕۆ لە گوتاریدا لە کەرنەڤاڵی هەولێر بۆ پاڵپشتی لە ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، سوپاسی بێپایانی ئاراستەی هەولێر کرد و، گوتی شاری رەسەن و شاری هۆلاکۆبەزێن، چەندین سەعاتە لەبەر گەرما وەستاون و بۆ سەربەخۆیی هەموو فیداکارییەک ئاسانە، هەولێر هەر هەولێرە.
سەرۆکی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەو هەوڵانە دا، کە لە رابردوودا لەگەڵ بەغدا دراون ''زۆر هەوڵمان لەگەڵیان دا، بەڵام شەراکەت نەما''، نموونەی بە دەستووری عێراق هێنایەوە کە لە دیباچەی دەستووریشدا ئاماژە بە پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە کراوە و گوتی، ''ئێمە ئارەزوومەندانە لەگەڵ بەغدا ویستمان پێکەوەژیان دروست بکەین، واماندەزانی کە دروستکردنەوەی عێراق دەرفەتێکی تازەیە کە عێراق دروست کەینەوە، ئازارەکانمان لەبیر دەچێ، وێرانکردنی گوندەکان و ئەنفالکردنی گەرمیان و بارزانییەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ئەم هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردستان هاتووە، وامانزانی ویژدانی جیهانی هەژاندووە و بەغدایش ئەو کارەساتە قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە پاش ماوەیەکی زۆر کورت، زۆرێک لەوانەی دەستەڵاتدارن نەوەک هەموویان تەنیا دەموچاویان گۆڕاوە، ئەگەرنا هەڵگری هەمان ئەقڵیەتی ئەنفاڵچییەکانن.''
(سەرۆک بارزانی) رۆشناییشی خستەسەر ساڵی 2003 تا 2005 دوای ئەوەی دەستوورێک بۆ عێراق نووسرایەوە، بەڵام گەلی کوردستان ئەو دەستوورەی لە دەنگدان رزگار کرد، گەلی کوردستان پێی رازی بوو، بەڵام شەراکەت نەماو ئیلتزام بە دەستوور نەکرا، بڕینی بودجە ئەمیش ئەنفالێکی دیکە بوو بەسەر گەلی کوردستانیان هێنا، بڕیار بوو دەوڵەتێکی مەدەنی و فیدراڵی و دیموکراسی دروستبێ، بەڵام پرسیار لە هەمووان دەکەم ئایا ئەو دەوڵەت حاکمە، یان دەوڵەتێکی مەزهەبی.
لە باسی پێشمەرگەدا گوتی، پێشمەرگە لە باریکی سەختدا بوون بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەگەر بارێکی فیشەک هاتبا، دەبوو لە بەغدا پشکنینیان بۆ کردبا ئینجا ڕێیان دهدا بگاته دهست پێشمهرگه و شهڕی تیرۆری پێ بكهن.
سەرۆکی کوردستان لە بابەتی ریفراندۆمدا رایگەیاند، ''پێشووتر پێمان گوتن کە بە جیددی وەریگرن ئێمە ماندوو بووین، زۆرێکیان وایاندەزانی ئەوە کارتی گوشارە و یان بۆ ئەوەیە لە قەیرانی ناوخۆ دەرباز بین، بۆیە بە جیددییان وەرنەگرت. من دەستخۆشی لەو حزب و لایەنانە دەکەم کە ئەو بڕیارهیان دا کە ریفراندۆم دەکرێ، هەندێ لایەن لە بەغدا و دەرەوە وایانزانی کە لە ناوخۆ رێگری لەو بڕیارە دەکرێ، بەڵام لە رۆژی ئەو بڕیارە درا ئەو لایەنانەی کە ئێستا گلەیی و تەهدید دەکەن، نەهاتن بپرسن بۆچی ئەو بڕیارە درا، ئێستایش ریفراندۆم لەدەستی من و حزبەکان دەرچووە و کەوتووەتە دەستی ئێوە.''
سەرۆکی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتییەوە رایگەیاند، "هەڵوێستی نێودەوڵەتی جاران نەرم بوو، سەیرە لای من ئێستایش دەڵێن کاتەکەی گونجاو نییە، ئەی رۆژی بەختی کوردستان کەیە و سەدساڵە ئەو رۆژە نەهاتووە؟!، پار هەڵوێستی هەموو لایەنەکان لە بەغدا نەرم بوو، ئێستایش ئەو پرسە لە دەستی کەس و حزبەکان دەرچووە، داوای دواخستنی ریفراندۆم دەکرێ، شەورۆژ گوشار بەردەوامە، دەڵێن ریفراندۆم دوابخەن و دواتر گفتوگۆی کراوە لەگەڵ بەغدا دەست پێکبەن، ئێمە ناگەڕێنەوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوو، ئێمەش دەڵێین، ئامادەین بۆ گفتوگۆی زۆر جیددی بە دڵێکی ساف و مێشکێکی کراوە بەڵام دوای 25ی 9. تازە زۆر درەنگە کات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە ریفراندۆم دوابحەین، سەراری هەموو ئەو هەوڵانە شتیک بە خوای خۆم و ئێوەش دەڵێم من ئەو کەسە نیم کە خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بکەم."
سەرۆکی کوردستان گوتیشی، "دەمانەوێ بە شێوەی ئاشتیانە دەنگی خۆمان بدەین، هەتا ئەوەش پێمان رەوا نابینن، چەندی بیری لێ دەکەمەوە بۆ قبووڵی ناکەن، تەنیا ئەوەیە کە دەیانەوێ ئیرادە و کەرامەتی ئیمە بشکێنن، ئەگەرنا هیچی دیکە نییە، ئایا چ گوناحی تێدایە میللەتێک بڵێن ریگەم بدەن سەربەخۆ بین، پاشان ریفراندۆم بۆ دەستنیشانکردنی سنوور نییە، بۆ فەرزی ئەمری واقیع نییە، هەنگاوی یەکەمە بۆ گەلێک دەڵێ سەربەخۆ بین، ئێمە داوا دەکەین لەگەڵ بەغدا دوای 25 -9 وەرن گفتوگۆی جیددی بکەین لەسەر ئاو و نەوت و گاز و سنوور، بەڵام پێمان بڵێن بگەڕینەوە هێڵی سەوز كه هێڵی تەماسی کۆنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی سەردەمی سەددام، یەعنی گەڕانەوە بۆ نزیک قوشتەپە تا بە تۆپ لە هەولێر بدەن، ههڵبهت دهبێ بزانن كه ئێمە دیالۆگ لەسەر هێڵی سەوز ناکەین."
سەبارەت بە شەڕی داعش، سەرۆکی کوردستانن جەختی کردەوە، کە ئێمە بە جیددی بەردەوام دەبین لەگەڵ سوپاسی عێراق و هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش، سوپاسی هاوپەیمانانیش دەکەم کە لە شەڕی داعشدا یارمەتی ئێمەیان داوە.
سەرۆکی کوردستان ههروهها ڕایگهیاند، ''کارەستاتی گەلی ئێمە چیرۆکێکی زۆر قووڵە، لەوەتەی دەوڵەتی تازەی عێراق دامەزراوە ئیمە دەڵێین با برا بین و شەریک بین، میللەتێک 182 هەزار کەسی لێ بێسەروشوێن کران، لە کوێی دنیا هەیە دەوڵەتێک بە چەکی کیمیایی گەلەکەی ژەهراوی بووبێ، ئێمەش بچین شەراکەتیان لەگەڵ بکەین!،سهرباری ئهوه پێمان بڵێن بڕۆن نانی ئێمە دەخۆن.''
(سەرۆک بارزانی) باسی قوربانیی پێشمەرگەی کرد کە لەشەڕی داعشدا، 1879 قارهمان شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاریش بریندرار بوونە، کە ئەوانیش وەک شەهید وان.
سەرۆکی کوردستان ئاماژەیشی دا، زۆرێک لە دۆستانەی دەرەوە کە دەهاتنە لامان ستایشی پێشمەرگەیان دەکرد کە بە حەقیقەت وایە من تەحەددا دەکەم سوپایەک لە هەموو جیهان بەو چەکەی لە دەستی پێشمەرگەدا بتوانێ ئوستوورهی داعش بشکێنێ، ئێمە گەلێکی بەوەفاین سوپاسی هاوپەیمان دەکەین کە یارمەتیان داین بەڵام ئیمە خوێنمان دا.
سەرۆکی کوردستان چاوپێکەوتنێکی خۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە 2006 کە (جۆرج بووش) بوو، گێرایەوە و گوتی، لە سنووری پارێزگای رهمادی (بووش) زۆر قسەی کرد، گوتی ئێمەی خەڵکی تکساس و کوردستان وەک یەکین، ئازاین، ئاڵای خۆمان هەیە و مەردین، هەردووکمان ئاقڵین و ئێمە بنیمان لەگەڵ واشنتن بین بەهێترین و ئێوەش لەگەڵ بەغدا بن بەهێزتر دەبن، منیش پیم گوت، ئەوەی بەغدا بەسەری هێناوین، ئەگەر واشنتن بەسەری ئیوەی هێنابووا، له ژیانتاندا نەدەچوویەوە واشنتن.''
(سەرۆک بارزانی) دووپاتی كردهوه، "لە 2003وە هەرچی بە ئیمەیان گوت وتمان بەڵێ باشە، بەڵێنیان دا زۆر، بەڵام هیچیان بەجێ نەگەیاند، بۆیە هەرچی زووترە بڕۆنە سەرسندووقی دەنگدان و چارەنووسی خۆتان دیاری بکەن، ئەوەی لەگەڵ ریفراندۆمە ئەو سندووق و ئەوەی بشترسێ با نەچێ، یان با بڵێ نەخێر."
سەبارەت بە بەیاننامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، سەرۆکی کوردستان وەڵامی دایەوە و، کە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتوویەتی نیگەرانن کە تەرکیز لەسەر داعش نامێنێ و زیان بە ئاوارەکان دەگات، ئێمە تەکید دەکەینەوە، سوورتر دەبین و زیاتر لە جاران شەڕی داعش دەکەین. ئەو ئاوارانەیشی لە کوردستانن برای ئیمەن و میوانی ئیمەن و وەک چاوی خۆتان بیانپارێزن، کێشەی ئاوارە لە فەللوجە و بەغدا و تکریتە نەک لێرە بێ.
سەبارەت بە دراوسێکانی هەرێمیشەوە سەرۆکی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی، ئەمە 25 ساڵە بۆتان دەرکەوتووە کە ئێمە تەهدید نین لەسەر ئیوە، بۆ بە زمانی تەهدید قسەمان لەگەڵ دەکەن؟ چ سوودێکی هەیە؟، تۆ داوای سەربەخۆیی بکەیت موجازەفەی تێدایە، بەڵام دانیشی و خەڵکی دی بڕیار لەسەر تۆ بدەن، مردنە و مەرگە و سەد جار ترسناکترە لەوەی کە بڕیار نەدەیت.
سەبارەت بە دەوڵەتی داهاتووی کوردستانیش، سەرۆکی کوردستان گوتی، دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی و پەرلەمانی دەبێ کە مافی هەموو لایەنەکان زامن بێ، لێرەدا دەماوێ ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەم، ئەوانەی شەهیدبوون ئەوانەی بریندابوونن یان ئەوانەی دەستیان لەسەنگەردا لەسەر تفەنگە، من دڵنیام هەر ئەم قارەمانانە چۆن لە 61 تا ئەمڕۆ کورستان پاراست و نەتانهێشت بکەوێتە ژێر دەستی دوژمنان، پێشمەرگە قارەمانەکان ئێستایش ناهێڵن کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی دوژمنان. قارەمانێتی پێشمەرگە خۆراگری ئێوە جەماوەری کوردستان، لە هەموو هێزێک بەهێزترە بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەبێ ئامادەیی هەموو باجێک بین، لەبەردەم دووڕیانێکداین یان ژیانی بندەستی هەڵدەبژێرین، یان سەربەخۆیی. باجی ژیانی بندەستی لەدەستدانی کەرامەتە یاجی سەربەخۆیی سەربەزییە.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی کوردستان روونی کردەوە، لەم رۆژانەی دوایی، ئێوەش گوێتان لێ بووە لە تەهدیدکردنی جۆراوجۆر بەوەی سزامان دەدەن، ئەمە سەدساڵە گەلی کوردستان سزا دەدەن، ئهرێ تێر نەبوون لە سزادانی خەڵکی کوردستان؟، ئەگەر پێتان خۆشە بگەڕێنەوە سزادان واز لە خەڵکی کوردستان بێنن و وەرن من سزا بدەن.
جارێکی دیکە سەرۆکی کوردستان لە گوتارەکەیدا سوپاسی هەموو حزب و پێکهاتەکان و لایەنەکانی کرد و ئێوەیش بەراستی ریفراندۆمتان کرد و ئەوە ریفراندۆمە.
سەرۆکی کوردستان لە کۆتایی گوتارەکەیدا دووپاتی کردەوە هەولێر هەر هەولێرە.




