خەلیل ئیسماعیل: سنووری کوردستان گفتوگۆ هەڵناگرێ، سنووری عێراق بیابان و دەشتاییە

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕی جیوگرافیای سیاسی (خەلیل ئیسماعیل) دەڵێ، ئەگەر دوای ریفڕاندۆم دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان رابگەیەندرێت ئەوا سنوری دەوڵەتەکە دیارە و شاخەکانی حەمرین سنووری نێوان و کوردستان و عێراقە..دەشڵێ، دوای ھەرێمی کوردستان عەرەبی سوونەش پڕۆژەیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دەبێ.
پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، چاودێری سیاسی و پسپۆری جیۆگرافییای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "سنووری خاکی کوردستان لەگەڵ عێراق دیارە و ھیچ دانوستان و ململانێک ھەڵناگرێت، چونکە بەپێی ھەموو بەڵگە مێژوویەکان شاخەکانی حەمرین و شنگال سنووری باشووری کوردستانن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، پێویستە لەکاتی دانوستانان لەگەڵ بەغدا خەڵکی شارەزا و پسپۆر لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بەشداربێت و بە بەڵگەوە بۆیان بخرێتە ڕوو تا کوێ سنووری کوردستانە و سنووری عێراق چەندە، ئەوەی زۆر بە راشکاوی دیارە و قسەی لەسەر ناکرێت پرسی سنووری کوردستانە لەگەڵ عێراق، لەبەر ئەوە ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانن رابگەیەنین سنوورمان دیاریکراو دەبێت.
(خەلیل ئیسماعیل) دەشڵێ، کاتی خۆی دەوڵەتی عێراق لە سێ ھەرێم پێکھاتبوو ئەوەی خاکی کوردستانە لە ناوچەی شاخاوی دەستپێدەکات ئەوەشی خاکی عێراقە بیابان و دەشتایییە، ھەر ناوی عێراقیش لە شوێنی دەشتەوە ھاتووە، ھەموو بۆچوونەکان پێشبینی ئەوە دەکەن رەوشی عێراق ھەر دەگەڕێتەوە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و بەسەر سێ ھەرێم دابەش دەبێت ھەریەکێک بۆخۆیان دەوڵەتی سەربەخۆیان دەبێت، چونکە پێموایە دوای ھەرێمی کوردستان عەرەبی سوونە پڕۆژەیان دەبێت بۆ جیابوونەوە لە عێراق، یانیش ھیچ نەبێت سەرەتا ببنە ھەرێمێک ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




