مەحموود محەمەد: ریفراندۆم ھی ھەموو رەنگ و ئاین و نەتەوەو بۆچوونە سیاسییەکانە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیاری ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دوای ئەوە ھات دەوڵەتی عێراق نەیتوانی ببێتە دەوڵەتی ھەمووان دەشڵێ، دەمانەوێ بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ زیاتر بەرەنگاری تیرۆر و توندڕەوی ببینەوە.
(مەحموود محەمەد)، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەڕاسیمی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری ئازادی لە شاری ھەولێر رایگەیاند، "ھەرێمی کوردستان دوای چەندین ساڵ مانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا سەرکەوتوونەبوو، چونکە ئەو عێراقەی ئێمە دەمانویست دەوڵەتی عێراق نەبووە ئەو دەوڵەتە و عێراق دەوڵەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوە و ئاینەکانی نییە، لەبەر ئەوە بڕیاریماندا ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین و ئەو ریفراندۆمەی دەمانەوێ ئەنجامی بدەین ھی ھەموو ئاینەکانە، ھەموو رەنگ و نەتەوەکان و بۆچوون و ئایدولۆژیە سیاسییەکانی کوردستانە، پێکەوە بتوانین پڕۆسەی ریفڕاندۆم سەر بخەین، ھیوادارین خەڵکی کوردستان ئەو رایەی ھەیە دەری ببڕێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی تێیدا ئامادەبوو (مەحموود محەمەد) ئاماەژەیش دا، " گروپی تیرۆریستی داعش نیوەی خاکی عێراقی داگیرکرد، بە زەبری ھێز توانیمان ھەیبەتی داعش بشکێنین و بۆ زیاتر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی دەمانەوێ دەوڵەتی سەربەخۆیی دروست بکەین، چونکە لە کۆبوونەوەی (سەرۆک بارزانی) لەگەل ھێز و لایەنە کوردستانییەکاندا ئەو بڕیارەیان دەرکرد تا کارەساتەکان دووبارە نەبنەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەمڕۆ داعشیش بەرەو شکانە، بەڵام فکری داعش ھەرماوە.
قائید میرۆ




