كەسوكاری شەهیدان داوا دەكەن گیانی شەهیدان بە دەنگدان بە بەڵێ ئاسودە بكەن

مێرگەسۆر-KDP.info- كەسوكاری شەهیدان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، قوربانی ئەوان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بووە، تاكە وەفاش بۆ خوێنی شەهیدان سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە داواكارین خەڵكی كوردستان لە 25/9 بەشداری ریفراندۆم بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدەن.
(موسلم سەعید) باوكی شەهید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، باب و باپیرانی ئێمە گیانی خۆیان قوربانی خاكی پیرۆزی كوردستانیان كردووە، كوڕەكەشم هەر لەو پێناوەدا شەهید بووە، ئێمەش ئامادەین بە رۆح و گیان خۆمان قوربانی كوردستان بكەین، بەس بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بێت، بۆیە وەك كەسوكاری شەهیدان داواكارین لە سەرۆكی هەرێم بە هیچ شێوەیەك ریفراندۆم دوا نەخات، بۆ ئەوەی بەرانبەر بە خوێنی شەهیدانمان بە وەفا بین و رۆژی 25/9 هەموومان پێكەوە بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەین.
)حاجی خدر) كەسوكاری شەهید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیكردەوە، باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان، ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە لە كات و ساتی خۆیدا، لەبەر ئەوەی شەهیدەكانی ئێمەش لەو پێناوەدا خوێنی خۆیان ڕشتووە، 100 ساڵە قوربانی دەدەین، بە دەیان جار گوند و ئاواییەكانی ئێمە وێران كراون، ئەنفال و كیمیاباران كراوین، هەمووش لەبەر ئەوە بووە كە كورد بووینە، ئێستا دەمانەوێت وەكو نەتەوەی كورد ئەو ناخۆشیانەی بەسەر ئێمە دا هاتوونە بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی وەڵامی ئەوان بدەینەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كەس نەتوانێت دەست بۆ ئێمە درێژ بكات و بە سەربەخۆیی و ئازادی لە وڵاتی كوردستان بژین و بە هەموو ئەو مافانە بگەین كە هیوا و ئاواتی ئێمە بوونە.
(نێچیرڤان غەفوور) كە دوو برای شەهیدن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە رۆژی 25/9 دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان، دەنگدانە بە خوێنی شەهیدان، دەنگ نەدانیش لەو رۆژەدا خیانەتە لە خوێنی شەهیدان، هیوادارم لەو رۆژەدا هەموو كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی كوردستان بە یەكدەنگ و یەكڕیز بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە خوێنی شەهیدان و سەربەخۆیی كوردستان بدەن، چونكە تاكە هیوا و ئاواتمان ئەوەیە كوردستان سەربەخۆ بێت، تاكە هیواو ئاواتی شەهیدانیش سەربەخۆیی كوردستان بووە، هەر لەبەر ئەوەش خۆیان كردە قوربانی.
(نەوزاد سەلیم) كەسوكاری شەهید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: هیوادارم لە 25/9 شتێكی وا بكەین كە بۆ هەموو جیهان بسەڵمێنین، كە ئێمە ئەوەندە شەهیدەمان داوە كە بەشی سەربەخۆیی كوردستان بكات، بۆیە ئێمە میللەتێكین كە دەمانەوێت سەربەخۆ بین، وەكو بنەماڵەی شەهیدانیش داواش لە خەڵكی كوردستان دەكەین، دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان بە فیڕۆنەچێت، ئامادەشین بۆ سەربەخۆیی كوردستان خۆیشمان بكەینە قوربانی سەربەخۆیی كوردستان".
ڕابین شێروانی




