لە ئاکرێ خۆیان بە ئاڵای کوردستان دەپۆشن

ئاکرێ-KDP.info- ئەمڕۆ لە ئاکرێ پێشمەرگە خۆبەخشەکان ئاھەنگ بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەدەبن و سەرۆکی گروپی پێشمەرگەش دەڵێ، دەمانەوێ ئاکرێ زۆرترین دەنگی بۆ بەڵێ بیت لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولدا.
(عەدنان عەبدولوەھاب)، سەرۆکی گروپی پێشمەرگەی خۆبەخش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "چالاکییەکانی گروپی پێشمەرگەکانی خۆبەخش بۆ پاڵپشتیکردنی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەردەوامە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژی ھەینی، لە سەنتەری قەزای ئاکرێ ئاھەنگێکی جەماوەری بەرفراوان بەڕێوەبچێت و تێیدا چەندین چالاکی ئەنجامدەدرێن، لەوانەش رێپێوانێک لەلایەن گروپی پێشمەرگەوە رێکدەخرێت و ١٢ پێشمەرگە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان خۆیان دەپوشن، ھەروەھا چەندین ھونەرمەندی دەڤەری ئاکرێ بە گۆرانیە نیشتیمانییەکان بەشداری ئاھەنگەکەی ئاکرێ دا دەکەن."
(عەدنان عەبدولوەھاب) دەشڵێ، "جەماوەری ئاکرێ ھەموو رۆژێکی کردووتە جەژن و ئاھەنگ بۆ پێشوازیکردن لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی خۆیان، چونکە ئاکرێ پایتەختی نەورۆزە و لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان رۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە و بڕیارە بۆ ریفڕاندۆمیش ھەمان رۆڵی ھەبێـت زۆرترین دەنگی خەڵکی ئاکرێ بۆ بەڵێ و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.
قائید میرۆ




