خەڵکی سلێمانی: ڕیفراندۆم ئامانجمانە و کەس ناتوانێت لەجیاتی ئێمە بڕیار بدات
__2017_09_21_h18m10s59__HK.jpg)
سلێمانی-KDP.info- خەڵکی سلێمانی پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان و ڕیفراندۆم دەکەن. هاووڵاتییەکی ئەو شارە دەڵێت، نایانەوێت هیچ حزبێک بە ناوی ئەوانەوە قسە بکات، خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.
دوێنێ، لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا خەڵکی شاری سلێمانی بڕیاریان دا بە بەڵێ دەنگ بدەن، لەو کەرنەڤاڵەدا جیا لەوەی سەرجەم چین و توێژەکانی ئەو شارە بەشدار بوون، سەرجەم حزب و لایەنەکانیش ئامادە بوون.(سەرۆک بارزانی) پەیامێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و گوتی: ''خەڵکی سلێمانی سەلماندیان شاری هەڵمەت و قوربانین، خەڵکی سلێمانی قوربانیی زۆریان داوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان.''
(کاوە ئەحمەد)، دانیشتووی شاری سلێمانی، کە بەشداربووی کەرنەڤاڵەکەی سلێمانی بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە پێمان وایە ڕیفراندۆم بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا مافی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا یەکلا بکاتەوە، کە مافێکی خەڵکی کوردستانە و هیچ حزبێک ناتوانێت بۆچوونی خۆی فەڕز بکات بەسەر ئەم شارەدا، خۆمان چارەنووسی خۆمان هەڵدەبژێرین، سلێمانی قوربانی زۆرداوە بۆ سەربەخۆیی، بۆیە ناکەوێتەوە ژێر هیچ گوشار و بۆچوونێکەوە، کە بیەوێت ئەم شارە بەرەو هەڵدێر ببات.''
(کاوە ئەحمەد) گوتیشی: ''ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، بۆ ئەوەی کار بکات بۆ دروستکردنی دەوڵەت و خاوەنی سیادەی خۆی بێت و، ئێمە بە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانی لە هەموو پارچەیەکی کوردستاندا دەزانین، چونکە حزبەکانی باشووری کوردستان خاوەنی جەماوەر و پێگەی کۆمەڵایەتین و گرینگە دەربارەی خێرا بەئەنجامگەیاندنی ڕیفراندۆم بڕیار بدەن.''
(فازڵ بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم بابەتێكە پەیوەندیی بە چارەنووسی نەتەوەیەكەوە هەیە و نابێت بكرێتە حەساسییەتی حزبی، ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو حزبانەی خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، دەنگدەرەكانیان پشتیوانیی ڕیفراندۆم دەكەن.''
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی ئاشكراشی كرد: ''ئێستا ڕەشماڵی نەتەوە و نیشتمان و ڕەشماڵی ناحەز و نەیارەكانی كورد هەیە، هەرلایەنێك پشتیوانیی ڕیفراندۆم نەكات، لەو کاروانە جێ دەمێنێت، بۆیە ئەوەی سلێمانی کردی پەیامێک بوو بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەم شارە بە بەڵێ دەنگ نەدات. کەرنەڤاڵەکە دەرخەری ئەوە بوو کە خەڵکی ئەو شارە تینووی ئازادی و سەربەخۆیین.''
(کەژاڵ ئیسماعیل)، یه‌كێكه له‌و خانمانه‌ى پشتگیریى له پرسی ڕیفراندۆم ده‌كات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى: ''ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی دوو چه‌مكی گرنگ و كاریگه‌رن بۆ ژیانی هه‌ر میلله‌تێك. بۆ میلله‌تی كوردیش هه‌روه‌ك هه‌موو میلله‌تانی جیهان ڕەوایە كه داوای مافی چاره‌ی خۆنووسین بكات و ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی ددانپێدانراوی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م مافه مرۆیی و ده‌ستوورییه‌كان بۆ تاكه‌كانی دابین بكات. ئه‌و بارودۆخه نه‌خوازراوه‌ی ئه‌مڕۆ كوردستان تێی كه‌وتووه، ناكۆكیی ناوخۆیی و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی، تا ڕادده‌یه‌ك ئه‌م پرسه نیشتمانییه‌ی لای هاووڵاتییان بێ بەها كردووه، به جۆرێك ده‌توانین بڵێین، هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت ئه‌م هه‌له بقۆزنه‌وه و خه‌ڵكی چەواشه بكه‌ن، یان خەڵك دوور بخه‌نه‌وه و ڕای خۆیان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا بسه‌پێنن و شكست به پڕۆسه‌كه بێنن، دوور له هه‌موو بەها‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی پلان ده‌گێڕن، بێ گومان ئه‌م كاره‌ش بۆ نامه‌سئوولی و بێباكی ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌رامبه‌ر به مافی ڕه‌وای میلله‌ت.''
(کەژاڵ ئیسماعیل) گوتیشی: ''چه‌ندین ساڵه میللەتی كورد به درێژایی مێژوو خه‌باتی كردووه و قوربانیی داوه، تا بگات به‌و ئاسته‌ی له ژێر ئاڵای ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا به مافه ڕه‌واكانی شاد بێت. ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر تاكێكی دڵسۆزی ئه‌م وڵاته ئه‌وه‌یه، كه ڕۆژی 25 /9 بكاته وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی و به ده‌نگی (به‌ڵێ) سه‌ركه‌وتن بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوومان تۆمار بكه‌ین، ئافره‌تانی كوردستانیش وه‌ك به‌شێكی گرنگی كۆمەڵگا، پێویسته ڕۆڵی گرنگ و كارا بگێڕن بۆ سه‌ركه‌وتنی ئەم پرسه نیشتمانییه و به گوڕ و تینێكی نه‌ته‌وه‌ییەوه به‌ره‌و ئه‌م پرسه چاره‌نووسسازه بچین، تا بتوانین له سایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستانیدا به مافه‌كانمان شاد بین.''
(هیوا عەلی)، گەنجێکی بەشداربووی ڤیستیڤاڵی سلێمانی بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییى كوردستان، پرسێكى نیشتمانییه و ناكرێ تێكه‌ڵى ململانێى سیاسیی بكرێت، به‌ڵام لایه‌نه ساسییه‌كان هه‌رچۆنێک بیر بكه‌نه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه به هه‌وڵى نه‌بڕاوه‌ى خۆمان كار ده‌كه‌ین بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان.''
(هیوا عەلی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''سه‌ربه‌خۆییى كوردستان، ئاواتى له‌مێژینه‌ى دایكى شه‌هیدانه، بۆیه به لاى ئێمه‌وه گرنگ نییه سه‌ربه‌خۆیى له‌سه‌ر ده‌ستى كێ بنیات ده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به لاى ئێمه‌وە گرنگه ئه‌وه‌یه كه میلله‌تى كورد بگات به مافى ڕه‌واى خۆى، بۆ ئه‌وى هاوشێوه‌ى وڵاتانى دیكه خاوه‌نى كیانێكى سه‌ربه‌خۆ بین. من گه‌شبینم به‌وه‌ى بۆ ئاینده ئێمه‌ش ببین به خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى خۆمان، چونكه ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یكه‌ین، زه‌مینه‌سازییه بۆ سه‌ربه‌خۆییى كوردستان، دواجار كاتى ئه‌وه‌ش هاتووه، ئێمه‌ى گه‌لى كورد له‌ژێر ڕكێفى عه‌ره‌ب ڕزگارمان بێت، پێویسته هه‌موومان به‌بێ جیاوازى كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ژێر سێبه‌رى ئاڵاى كوردستاندا تاوێك پشوو بده‌ین.''
کارزان سەباح هەورامی




