سەرۆک بارزانی سوپانامەیەک ئاراستەی جەماوەری قەزاکانی سۆران، چۆمان، مێرگەسوور و رەواندز دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سوپاسی جەماوەری خۆشەویست و نیشتیمانپەروەری قەزاکانی سۆران، چۆمان، مێرگەسوور و ڕەواندز و ناحییەکانیان دەکات و لە پەیامەکەدا هاتووە، "پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست و نیشتیمانپەروەر دەکەم بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەتان لە کۆبوونەوەی جەماوەریی ڕۆژی سێشەممە ١٩ـی٩ـی٢٠١٧."
بۆ جەماوەری خۆشەویست و نیشتیمانپەروەری قەزاکانی سۆران، چۆمان، مێرگەسوور و ڕەواندز و ناحییەکانیان
پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست و نیشتیمانپەروەر دەکەم بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەتان لە کۆبوونەوەی جەماوەریی ڕۆژی سێشەممە ١٩ـی٩ـی٢٠١٧. ئێوە بەو حەماسەت و ئامادییە فراوانەتان، ڕیفراندۆمی خۆتان ئەنجام دا و بە هەموو جیهانتان ڕاگەیاند کە سەربەخۆییتان دەوێت. ئێوە سەلماندتان کە دەڤەرەکەتان، وەک جاران مەکۆی شۆڕش و سەنگەری پێشەوەی ڕەتکردنەوەی زوڵم و داگیرکاری و ژێردەستییە، بۆیە
دەبێ ئەو هەستی ئازادیخوازییەتان بگاتە جیهانی ئازاد، لە ڕۆژی ٢٥ـی٩ دا دەنگتان دەبیتە زەنگی هوشیاری و لە دەرگای ویژدانی جیهان دەدات.
لێرەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەزگا ئیداری و ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتوچۆ بکەم بۆ هاوکارییان لە پاراستنی ئاسایشی خەڵک و باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە جەماوەریانە.
هەر شاد و سەرفرزا بن
مەسعوود بارزانی
٢١ـی٩ـی٢٠١٧




