''سلێمانی سەلماندی دیلی ئەو نەفەسە سیاسییە توندە نابێ کە لە بڕیاری چارەنووس بێبەشی بکات''

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە دەڵێت، كەرنەڤاڵە گەورەكەی دوێنێی سلێمانی بە هیچ كەس سەرژمێری ناكرێت، بەڵام بە گوێرەی لێكدانەوە و بەدواداچوونەكان زیاتر لە (50) هەزار كەس ئامادەی كەرنەڤاڵەكە بوون.
(عەتا شێخ حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو قوربانی و زیانانەی شاری سلێمانی بەخشیویەتی بۆ كەمتر لە سەربەخۆییی كوردستان نەبووە. كەرناڤاڵە جەماوەرییەكەی دوێنێی شاری سلێمانی ڕووی ڕاستەقینەی شارەكە بوو، كە پر بە دەنگیان هاواریان دەكرد بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان. سلێمانی سەلماندی دیلی ئەو نەفەسە سیاسییە توندە نابێت، كە دەیەوێت لە مافی بڕیاردانی چارەنووس بێبەشی بكات.''
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە ئاماژەیشی دا: ''پرسی دروستكردنی سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەت فەزای تەسكی حزبیی تێپەڕاندووە، لەبری ئەوەی حزبەكان قسەی لەسەر بكەن، ئەمڕۆ ئەو پرسە چووەتە سەر مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكان. هیچ ڕەوتێكیش ناتوانێت ڕیگری لە خواستی گەلی كورد بۆ ئازادی بكات.''
ئاشكرایشی كرد: ''بێ گومان كەرنەڤاڵە گەورەكەی دوێنێی سلێمانی بە هیچ كەس سەرژمێری ناكرێت، چونكە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی یەكجار فراوان و مێژوویی بوو. خۆ هەر زووبەزوو كورسییەكانی یاریگاكە پڕبوون لە جەماوەر و ئیدی ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگاکەش پڕ ببوو لە خەڵك. بە گوێرەی لێكدانەوە و بەدواداچوونەكانی ئێمە زیاتر لە (50) هەزار كەس ئامادەی كەرنەڤاڵەكە بوون.''
سەرباز واحد




