كۆمیسیۆن: تەنیا ماوە بگەینە 25/9.. هەموو ئامادەكارییەك بۆ ریفراندۆم كراوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو ئامادەكارییەك بۆ رۆژی ریفراندۆم كراوە و، بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكەیش تا ئێستا 14 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە 100 دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە.
(شۆڕش حەسەن)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی ریفراندۆم تەواو بوونە، كارت و سندووقی دەنگدان و پێداویستییەكان دابین كراون، تەنانەت فۆڕمی دەنگدانیش تەواو بووە، تەنیا ماوە بگەینە 25/9 و پرۆسەكە بەڕێوە ببەین، بۆیە ئێمە وەكو كۆمیسیۆن ئامادەین بۆ ئەو رۆژە بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە بچێت، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كۆمیسیۆن ئۆفیس و فەرمانگەی كردوونەتەوە، و خەڵكی دامەزراندووە، بۆیە لەو ناوچانەش وەكو هەموو شوێنەكانی دیكە، ریفراندۆم بەڕێوە دەچێت".
(حەسەن) گوتیشی، "بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە، تا ئێستا 14 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە، هەروەها نزیكەی 70 تیمی چاودێری ناوخۆییشن لەگەڵ زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندنی ناوخۆیی و 100 دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی، ئەمە جگە لەوەی كە 11 قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە و بریكاریان دەبێت لەسەر سندووقەكان بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە، هەر كەس و لایەنێكیش خۆی تۆمار نەكردبێت و باجی نەبێت، ناتوانێت چاودێریی پڕۆسەكە بكات، چونكە بە بێ باج ناتوانن بچنە هیچ بنكەیەكی دەنگدان و چاودێری بكەن".
سەبارەت بەوەی تا چەند گرینگە دەزگاكانی راگەیاندن و چاودێرانی نێودەوڵەتی رووماڵی پرۆسەكە بكەن، (شۆڕش حەسەن) ئاماژەی دا، "هەرچەندی رێكخراوی نێودەوڵەتی بەشدار بن لە پرۆسەكەدا گرینگە، چونكە دەمانەوێت پرۆسەكە پێوەری نێودەوڵەتی تێدا بەرجەستە بێت و شەفاف بێت، هەروەها چەند دەزگای راگەیاندنیش بەشداری بكەن بۆ كۆمیسیۆن جێی بایەخە، لەبەر ئەوەی پرۆسەكە شەفافتر و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەبێت".
رابین شێروانی




