رۆژنامەیەكی بەناووبانگی ئەمەریكا: ھیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی رێگر نییە ھەرێم ریفراندۆم ئەنجام بدات

واشنتن-KDP.info- رۆژنامەیەكی بەناووبانگی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان، پێشێلكردنی ھیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی نییە، چونكە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا ٢٦ وڵات ریفراندۆمیان ئەنجام داوە و، ژمارەیەك لەوانەیش ئێستا بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆ.
رۆژنامەی (ھەفینگتن پۆست)، لە راپۆرتێكی خۆیدا بە ناوی ئایا ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان یاساییە؟ ئاماژەی داوە كە، كوردستان پلانی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەمەیش بە مەبەستی بڕیاردانە لە چارەنووس كە ئایا كورد خوازیارە دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێت یاخود نا و عێراقیش ئەمەی رەت كردووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەك نووسەری ئەمەریكایی بەناووبانگ ڕایانگەیاندووە، كوردستان مافی ئەوەی ھەیە ببێتە دەوڵەت.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەیش خراوەتە ڕوو، پرسی ئەوەی ئایا توانای راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن كیانە نیمچە سەربەخۆكانەوە، راستەوخۆ ئاماژەی پێكراوە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە بە تایبەت سەبارەت بە كۆسۆفۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ كاتێك تاكلایەنە سەربەخۆیی راگەیاند؟ ئەوكات سربیا ئەوەی رەت كردەوە و باسی لەوە كرد، ئەمە پێشێلكاریی یاسای نێودەوڵەتییە و لەسەر داوای سربیا ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو پرسەی خستە ربەردەم دادگای نێودەوڵەتییەوە، كە دواجار دادگا دوو ساڵ دوای ئەوە بۆچوونی خۆی خستە ڕوو و باسی لەوە كرد، یاسا نێودەوڵەتییەكان ھیچ رێگرییەكی ئەوتۆی تێدا نییە قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ سەربەخۆیی، جگە لەوەیش ئاماژەی دا كە ئەو بڕیارەی كۆسۆفۆ، ھیچ پێشێلكارییەكی یاسا نێودەوڵەتییەكانی تێدا نییە.
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ھاتووە، باشتر بوو كۆسۆفۆش وەكو كورد پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ریفراندمێك ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی خۆی بزانێت.
ڕاپۆرتەكە هەروەها ڕوونیشی كردووەتەوە، بە درێژایی سەدەی رابردوو، ژمارەیەكی بەرچاو لە كیانە نیمچە سەربەخۆكان ریفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دا، لەنێوان ساڵانی ١٩٠٥ تا ساڵی ١٩٩١، ٥٢ریفراندۆم ئەنجام دراون بۆ سەربەخۆیی و لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا ٥٣ ڕیفراندۆم ئەنجاندراون بۆ سەربەخۆیی، بەمەش كۆی گشتیی ریفراندۆمەكان ١٠٥ریفراندۆمە، جگە لە كوردستانیش، سێ ریفراندۆمی دیكە پلانیان بۆ داڕێژراوە، كە تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێن، ئەوانیش كەتەلۆنیا، كالیدۆنیای نوێ و بۆگانفیلن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە، لە ٥٣ ڕیفراندۆمەكەی ئەم دواییەدا، ٢٦ـیان بێ رەزامەندیی وڵاتەكەیان بوون، جگە لەوەیش ژمارەیەك بێ رەزامەندیی دەوڵەتەكانیان ئەو كارەیان كردووە و ئێستا بوونەتە دەوڵەت، ھەر بۆیە ھەنگاوی كورد بۆ سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان نییە.
بڵند ئیبراھیم




