٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"رووسیا بەرژەوەندی لەوەدایە، کوردستان مافی سەربەخۆیی بە دەست بھێنێت"

سەرچاوە: KDP.info
 
 
هەولێر-KDP.info- شاره‌زایه‌كی نەوت و غازی هەرێم، هاتنی کۆمپانیایەکی گەورەی وەک رۆس نەفت بۆ هەرێمی کوردستان و گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە بۆ هەناردەکردنی غازی سرووشتی لە رێی تورکیاوە، بە دەسکەوتێکی ئابووری و سیاسی بەهێز دەزانێت و دەشڵێت، تورکیا دەیەوێت ببێتە سەنتەرێکی ستراتیژی بەهێزی ئابووری ناوچەکە، کە ئەوەیش بە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان ئەو خەونەی دێتە دی، نوێنەری پارتیش لە وڵاتی رووسیا، راگەیاندنی ئەو گرێبەستە ئابوورییە وەکو ھەڵمژینی ھەوایەکی تازە پێناسە دەکات، کە پشتگیری دەرەکی زیاتر بۆ پرسی کورد مسوگەر دەکات.
 
رێککەوتنی نێوان کومپانیای رۆس نەفت و ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە گرێبەستی فێبریوەری ئەمساڵ، کە ھەرێمی کوردستان و ئەو کومپانیایە لەسەر شەش خاڵی سەرەکی وەک (لێگەڕان، بەرھەمھێنان، پەرەپێدان، دروستکردنی ژێرخانی  ئیفراستروکتور، داڕشتنی باشترین پلان (لوجێستیک) و فروشتن) رێککەوتبوون، ئێستا وردەکاریەکانی ئەو گرێبەستە ئاشکرا دەبن.
 
(بێوار خنسی) شاره‌زایی نەوت و غاز، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "ئەو گرێبەستەی ئێستا لەگەڵ کۆمپانیایی رۆس نەفت کراوە، لەسەر ناردنی غازی سرووشتی هەرێم لە رێی بۆرییەوە بۆ تورکیا، لە رووی ئابوورییەوە پڕۆژەیەکی زۆر مەزنە".
 
ئەو شاره‌زایه‌ گرنگی هەناردەکردنی غازی سرووشتی هەرێمی کوردستان لە رێی کۆمپانیای ناوبراوەوە بە دەسکەوتێکی گەورەش دەزانێت بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا و دەڵێت: "ساڵانە تورکیا پێویستی بە پەنجا ملیار لتر چوارگۆشە لە غازی سرووشتی هەیە، ئەو پێداویستییەی لە ٥ وڵاتی وەک قەتەر و جەزائیر و ئێران و ئازەربایجان و رووسیاوە بۆ دابین دەکرێت کە هەندێ وڵات هەزارەها کیلۆمەتر دوورن لێیەوە"، ناوبراو پێیوایە لەگەڵ تەواوبوونی راکێشانی بۆری هەناردەکردنی غازی سرووشتی بۆ تورکیا، بە تەنیا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە سەدا شەستی پێویستی ئەو وڵاتە دابین بکات.
 
دکتۆر (خۆشەوی مەلا ئیبراهیم) نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووسیا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە گرنگی ئەم رێککەوتنە دەکات کە رووسیا لەم کاتەداھەڵوێستی بازرگانی– ئابووری خۆی لەمەڕ راکێشانی بۆری گازی ھەرێمی کوردستان راگەیاندووە،  "ئێمە لەبەردەم ئەنجامدانی ریفرەندۆمی سەربەخۆییی کوردستانداین، ھەوڵێکی زۆر لە پێناو پەکخستنی ئەو گشتپرسییە لە لایەن ناحەزان و دوژمنانمانەوە دەدرێت، بەڵام راگەیاندنی ئەو گرێبەستە ئابوورییە وەکو ھەڵمژینی ھەوایەکی تازە وایە، کە رێڕەوی ئاسۆی وەدەستھێنانی ئامانجەکانمان لەبەردەمدا روونتر دەکاتەوە و پشتگیری دەرەکی زیاتر بۆ پرسی کورد مسوگەر دەکات".
 
 
دکتۆر (خۆشەوی) گوتیشی: "هاتنی ئەو کۆمپانیایە لە رووی ئابووریشەوە دەبێتە ھاندەرێک بۆ ئەوەی، کە کۆمپانیاکانی تریش وەبەرھێنان لە کوردستاندا بکەن، چونکە کۆمپانیایەکی ئاوا زەبەلاح، کە بە کۆمپانیای فرەنەتەوەیی ناودەبردرێت، وه‌بەرھێنان لە کوردستاندا دەکات، ئەو جۆرە کۆمپانیایانە ئیمکانیەتی یەکجار زۆری ئابوورییان لەبەردەستە و، خاوەنی بەشێکی زۆری کەرتەکانی دارایی، وەکو بانک و کۆمپانیای تەئمینین و لە ناو  بورسەکانی جیھانیشدا دەستێکی باڵایان ھەیە"، ئەو نوێنەرەی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەو کومپانیایانە لە ھەندێ وڵاتدا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ ھەڵسوکەوت دەکەن.
 
کۆمپانیی رۆس نەفت وەکو لۆکۆمۆتیڤی شەمەندەفەرێک وایە، کە ھەموو کەرتەکانی تری ئابووریش بە دوای خۆیدا رادەکێشن، (دکتۆر) لەوبارەوە گوتیشی: "لە داھاتوودا ئەگەر بەرژەوەندی ھاوبەش فەراھەم بکرێت، ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن لە ھەموو کەرتەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەندرووستی و خوێندنیشدا رۆڵی خۆیان ببینن، ھەر لەبەر ئەوەشە کە وڵاتانی ھەرێمی ھاوسێ زۆر بە وردی چاودێری گەشەسەندنی پڕۆسەی وزەیی کوردستان دەکەن، چەندین رۆژنامەی ئێرانی ھەر لە ڕۆژی راگەیاندنی ئەو گرێبەستەدا، سەرسوڕمانی خۆیان لەمەڕ ئەو گرێبەستەدا راگەیاندووە و بابەتی جۆراوجۆریان بڵاوکردەوە.
 
ئەو رێککەوتنە جیا لە روانگە ئابوورییەکەشییەوە، لە رووی سیاسییشەوە گرنگی خۆی هەیە، (خۆشەوی مه‌لا ئیبراهیم) دەڵێ: "لە روی سیاسیشەوە پشتگیرییەکی بەھێزە، رووسیا ناچارە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئابووری خۆی بکات، ئامادەش نییە کە چارەنووسی ئەو رێککەوتنانە بداتە دەستی قەزا و قەدەر، بۆیە ئەوە نیەتێکی جددی دەگەیەنێت، کە رووسیا لە داھاتووشدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکات، ئەگەر ئەو ھاوکاری و ئەو پەیوەندییانە لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەربەخۆدا بن، ئەوا لە قازانجی ھەردوو لایەندا دەبێت بۆ ھەردوو لایەن گرەنتی سەرمایەیی درووست دەبێت، بۆیە لەو رووەوە رووسیاش بەرژەوەندی لەوەدایە، کە کوردستان مافی سەربەخۆیی بە دەست بھێنێت".
 
ناوبراو تیشک دەخات سەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەش لە نێوان رووسیا و تورکیادا، کە بە زیاتر لە ٢٧ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی دەیخەمڵێنت و سالانە ئەو قەبارەیە پەرەی پێ دەدرێت، "لەھەمانکاتدا رووسیا کاریگەری بەسەر ئێراندا ھەیە، چونکە ئێران دۆستی زور کەمە و ناچارە لە زۆر ھەلومەرجدا سیاسەتی رووسیا بەھەند وەربگرێت، ھاتنە کایەی وڵاتێکی نوێ بە ناوی کوردستان، ھیچ ناڕێکیەکی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست ناکات، بە پێچەوانەوە کوردستان بۆ رووسیا دەتوانێت وەکو ھاوسەنگییەک بێت، واتە بەھاتنەکایەی دەوڵەتی کوردستان، لە زۆر ھەلومەرجدا تورکیا و ئێران وەکو دوو زلھێزی ھەرێمی بەربەستێکیان لە نێواندا درووست دەکرێت، رووسیا پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەربەستەشدا باش دەبێت، بۆیە کوردستان وەکو باڵانسێک بۆ رووسیا و ئەمەریکا و ئەوروپاش دەبێت، رووسیا بە فشار ھێنانە سەر تورکیا و ئێران دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئابووری و سیاسی خۆی لە کوردستاندا بپارێزێت".
  
(كاوە عەبدولعەزیز) كه‌ ماستەری لە كەرتی نەوتدا هه‌یه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە چۆنییەتی گرێبەسته‌كه‌ دەکات و دەڵێت: "لە ھەموو جیھاندا گرێبەستی نەوت و غاز لە نێوان سێ لایەندا دەكرێت، یەكێك خاوەنی بەرھەمەكەیە و لایەنێك ئەوەیە، كە رێڕەوی ھەناردەكردنی نەوت یان غازە، هەروەها لایەنی سێیەمیش كڕیاری بەرھەمە، ئەمڕۆ دەبینین گرێبەستێكی نوێ لە نێوان كۆمپانیای رۆس نەفتی رووسیا و حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا كراوە"، ناوبراو ئاماژە بە تێچووی درووستکردنی بۆری گواستنەوەی ئەو غازە سرووشتییەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای رۆس نەفتەوە دەکات، کە تەنیا گوژمەی دروستكردنی بۆری گواستنەوەی غازی شل لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو بازاڕەی كۆمپانیای رۆس نەفتی رووسیا دەیەوێت، یەك ملیار دۆلارە، ئەو باوەڕیشی وایە كۆمپانیایەكی وەك رۆس نەفت، گرێبەست لەگەڵ ھیچ وڵاتێك بەو قەبارەیە ناکات، ئەگەر گرەنتی گواستنەوەی نەبێت".
 
 
خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار