عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: هه‌ڵوێستی شیعه‌ی عه‌ره‌بی له عێراقدا، به‌رانبه‌ر به سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نه‌رمه

هه‌ولێر-KDP.info- (موقته‌دا سه‌در) سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در، له سه‌رخستنی پرۆژه‌ی شێیه‌ی عه‌ره‌بی له عێراقدا، سه‌ركه‌وتوو بووه و، وه‌ك (عه‌ره‌فات كه‌ره‌م) سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، "شیعه‌ی عه‌ره‌بی له عێراقدا زۆرینه‌ن و هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر به سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نه‌رمه". (كه‌ره‌م) له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ده‌ڵێ، لایه‌نه عێراقییه‌كان به دژایه‌تیی ریفراندۆمی كوردستان، ده‌یانه‌وێ جه‌ماوه‌ریان زیاتر بكه‌ن ئه‌گه‌رنا له بنه‌وه قسه‌ی دیكه‌یان هه‌یه.
له لێدوانی سه‌ركرده عێراقییه‌كان به‌رانبه‌ر به پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، هه‌ڵوێستی جیاواز هه‌یه، ئایا ئه‌وان به‌رانبه‌ر به پرسی كورد یه‌كده‌ستن یان په‌رته‌وازه‌ن؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): خۆزگه پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له یه‌ك نزیك نه‌بوونایه، ئه‌وكات راستیی قسه‌كانی لایه‌نه عێراقییه‌كانمان به ته‌واوی بۆ ده‌رده‌كه‌وت. به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردن نزیك بووه‌ته‌وه، هه‌ر كه‌سێك كه له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم لێدوان ده‌دات، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ری خۆی رازی بكات. به‌داخه‌وه ئه‌و لایه‌نانه ده‌نگی خۆیان له‌سه‌ر حیسابی دژایه‌تیی كورد زیاد ده‌كه‌ن.
ئه‌دی ناو ماڵی شیعه یه‌كده‌ستن به‌رانبه‌ر به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): له راستیدا (نووری مالیكی) به ته‌واو قه‌ناعه‌ته‌وه دژی ریفراندۆم قسه ده‌كات. ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه به ناوی (عه‌دبای)یه‌وه قسه ده‌كه‌ن، مه‌به‌ست لێی حكوومه‌تی (حه‌یده‌ر عه‌بادی)یه و ئه‌ویش ناتوانێ لێدوان له به‌رژه‌وه‌ندیی ره‌وتی خۆی نه‌دات. به‌ڵام ره‌وتی سه‌در به سه‌رۆكایه‌تیی (موقته‌دا سه‌در) كه خۆم له‌گه‌ڵیان دانیشتووم، به راستی دژایه‌تیی ریفراندۆمیان نه‌كردووه. ئه‌وان به روون و ئاشكرایی ده‌ڵێن كه مافی خۆتانه و زوڵم له كورد كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كه‌نه‌وه كه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی داهاتووی عێراق پێویستیان به كورد هه‌یه و له‌وه ده‌ترسێن جارێكی دیكه حزبی ده‌عوه و (نووری مالیكی) ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن.
جیا له‌و سێ ئاراسته‌یه، هیچ ئاراسته‌یه‌كی دیكه له ناو شیعه‌كاندا به‌رانبه‌ر به كورد هه‌یه؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): لایه‌نی دیكه‌ش هه‌ن كه شیعه‌ی مه‌ده‌نین. به شێوه‌یه‌كی گشتی چینی رۆشنبیر له ناو شیعه و سوننه‌دا پشتگیری له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كه‌ن. بۆ نموونه (میسال ئه‌لوسی) كه به‌یاننامه‌ی بۆ پشتگیریی له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بڵاو كرده‌وه.
هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌ی سوننه‌كان چۆنه؟ ئایا بۆ پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان یه‌كده‌نگن؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): به‌داخه‌وه سوننه‌كان هه‌موو بوونه‌ته بازرگان و، زیاتر له‌و ملیۆن خه‌ڵكه‌ی خۆیان له‌به‌رچاو نییه كه ئێستا ئاواره‌ی كوردستان بوونه و لێره ده‌ژیێن. ئه‌وان بازرگانن و تا ئێستا هیچ هێزێكی نیشتمانیی سوننه‌مان نه‌بینیوه خه‌م له خه‌ڵكی خۆیان بخوات. هه‌ڵوێستی ئه‌وان پێوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی شیعه و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقه‌وه هه‌یه.
كه‌وایه لێدوانی تووندی لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ریفراندۆمی كوردستان ده‌توانین وه‌ك پڕۆپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه سه‌یر بكه‌ین؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): ئێمه هه‌رچه‌ند رژد بین له به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم، ئه‌وانیش زیاتر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان سوور ده‌بن، چونكه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌پێشه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه لێدوانی تووند له‌وان ده‌بیستین. زۆر جار شیعه و سوننه‌كان دێنه لامان و ده‌ڵێن كه ئێمه‌ش جه‌ماوه‌ری خۆمان هه‌یه و ناتوانین قسه‌ی خێر بكه‌ین.
به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق مسۆگه‌ره؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): ئه‌سته‌مه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مانی به‌غدا بكرێت، چونكه دۆخه‌كه له‌بار نییه و له‌وانه‌یه رێگه‌یه‌كی یاسایی ببیننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێن.
پێوه‌ندی نێوان سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد و بنه‌ماڵه‌ی (حه‌كیم) باش بوو، به‌ڵام به‌و دواییانه (عه‌ممار حه‌كیم) لێدوانی تووندی له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه دا، ئه‌وه پێوه‌ندی به چییه‌وه هه‌یه؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): ئه‌وان ئێستا بوونه‌ته دوو به‌ش، ئه‌نجوومه‌نی باڵا به سه‌رۆكایه‌تیی (هومام حه‌مودی) و (عه‌ممار حه‌كیم)یش ره‌وتی حیكمه‌ی دامه‌زراندووه. پێوه‌ندیی كورد له‌گه‌ڵ (عه‌ممار حه‌كیم) به‌رده‌وامه و باشتره له‌وه‌ی (هومام حه‌مودی). دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه پێویسته هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌به‌چاو بگرین، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كان له یه‌ك نزیك نه‌بوونایه، بێگومان هه‌ڵوێسته‌كان جیاواز ده‌بوون.
جیا له‌و لێدوانانه كه وه‌ك ئێوه ده‌ڵێن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقه، هه‌ڵوێستی سه‌ركرده شیعه‌كان به‌رانبه‌ر به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان چۆنه؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): به‌داخه‌وه ئه‌وان توانییان كوردستان ناشیرین بكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌یانگوت، كوردستان به نه‌وتی به‌سره گه‌شه‌ی كردووه و وایان له خه‌ڵك گه‌یاندووه كه سه‌ربه‌خۆییی كوردستان به پلانی ئیسرائیله و زیان به عێراق ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش رای زۆربه‌ی شه‌قامی شیعه له‌گه‌ڵ "نا"یه. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه پێشتر سه‌ربه‌خۆییان به مافی كورد ده‌زانی، به‌ڵام به هۆی ناشیرنكردنی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌ركرده شیعه‌كانه‌وه، ئێستا هه‌ڵوێستی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش گۆڕاوه و له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی عێراقدا نینه.
مه‌به‌ستی من له رای شه‌قام نه‌بوو، هه‌ڵوێستی سه‌ركرده شیعه‌كانم ده‌وێ.
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی شیعی سه‌ر به وڵاتانی ناوچه‌یین، ئه‌وان به‌رنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه له عێراقدا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌وان ئێستا قه‌ناعه‌تیان وایه كه كوردستان رۆییشت و بۆیه له‌سه‌ر ئه‌وه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێ كوردستانێكی ئه‌وه‌نده لاواز دروست بكرێت كه زوو بڕووخێت.
سه‌ردانی (سه‌در و حه‌كیم) بۆ سعوودیا و ئوردن ،هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر به پرسی كورد داناوه؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): مه‌سه‌له‌ی سه‌در هیچ پێوه‌ندییه‌كی به كورده‌وه نییه. سه‌در له ساڵی 2007 پرۆژه‌ی خۆی بۆ مه‌رجه‌عی شیعه‌ی عه‌ره‌بی گۆڕی و نایه‌وێ سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌تی (عه‌لی خامنه‌یی) بێت. وڵاتانی وه‌كوو سعوودیا، ئیمارات، توركیا، میسر و ئوردن پێشوازی له‌و پرۆژه‌یه‌ی (موقته‌دا سه‌در) ده‌كه‌ن.
ئێستا شیعه‌ی ئێرانی له عێراقدا زاڵن یان شیعه‌ی عه‌ڕه‌بی؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): له سه‌ره‌تادا شیعه‌ی ئێرانی زیاتر و زاڵتر بوون، به‌ڵام ئێستا وا نییه و ئاراسته‌كه به‌ره‌و شیعه‌ی عه‌ره‌بی گۆڕاوه.
هه‌ڵوێستی شیعه‌ی عه‌ڕه‌بی به‌رانبه‌ر به پرسی كورد چۆنه؟
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م): شیعه‌ی عه‌ڕه‌بی به‌رانبه‌ر به پرسی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نه‌رمن.
كاوه جه‌م




