بەھۆی بۆردوومانی بارەگاکانی پەکەکەوە، چوار ھاووڵاتی ھەرێم شەھید بوون
__2017_01_05_h16m31s35__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکەوە لە سنووری ئامێدی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەی رێکانیان بۆردوومان کرد و بە ھۆیەوە چوار ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان شەھید بوون.
(وارشین سەلمان) بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی تورکیا بنکە و بارەگای چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە-یان لە دەڤەری رێکان کردووەتە ئامانج، بەڵام بەداخەوە بەھۆی رووداوەکەوە چوار ھاووڵاتی سڤیلی ھەرێمی کوردستان شەھید بوونە."
ئەو گوتی، رووداوەکە لە گوندی (مێزێ)ـی سەربە ناحیەی شیلادزێی قەزای ئامێدی رووی داوە، ھاووڵاتیانی شەھید دانیشتووی دەڤەری شلادزێن و بە مەبەستی چنینەوەی بەروبوومەکانیان چوونەتە ناوچەکە.
(وارشین سەلمان) گوتیشی "ئەو ناوچەیەی رووداوەکەی تێیدا روویداوە، لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەدایە و، چەندین جارە دەبێتە ھۆی نانەوەی کارەسات بۆ خەڵکی رەسەنی ناوچەکە، چونکە بەھۆی پەکەکەوە، دوای راپەڕین ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و بووەتە سەربازگەیەک بۆ پەکەکە."
پێشتریش (ئیسماعیل مستەفا) قایمقامی قەزای ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندبوو "زیاتر لە ٢٠٠ گوندی قەزای ئامێدی بەھۆی ھەبوونی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و پەکەکە رێگرە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە."
قاید میرۆ




