٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدوڵڵا باتمانی: دەرفەتەکە زێڕینە، نابێت لە دەست بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، دەرفەتێک بۆ گەلی کوردستان ھاتووەتە پێش و نابێت سەربەخۆییی لە دەست بدەن و دەشڵێ، تورکیا و ئێران سنوورەکانیان بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا داناخەن لەبەر ئەوەی خۆیان زەرەرمەندی یەکەمن لە وا ھەنگاوێکدا.

(عەبدوڵڵا باتمانی) چاودێری سیاسیی باکووری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئەوەی بۆ گەلی کوردستان لە باشوور ھاتووەتە پێش، دەرفەتێکی زێڕینە و لەدەستدانی چەندین ساڵی دیکە ناگەڕێتەوە، بانگ لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەم، گوێ بە ھەڕەشەی ھیچ کەس و لایەنێک مەدەن و بەردەوام بن لەسەر پڕۆژەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی. نەیارانی کوردستان بۆ سەد ساڵی دیکەش ئامادە نین پێشوازی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەن، لەبەر ئەوە ئێستا زیاتر لە ھەموو کاتێک گونجاوترە بۆ ئەوەی گەلی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بگەن بە مافی چارەنووسی خۆی و بڕیار لە پاشەڕۆژی خۆیان بدەن."
(باتمانی) بە پێویستیشی دەزانێ، کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەو راستییە باش بزانن، ھەڕەشەی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر تەنیا ماوەیەکە و، دەبێت لەوە تێبگەن بۆ پرسێکی وەک سەربەخۆیی ھەڕەشە و ترس بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام ئەوە تەنیا ماوەیەکی کورتە، "من لەو باوەڕەدا نیم ئەوەی دەگۆترێ روو بدات، بەتایبەتی گرتنی سنوور، چونکە ئێستا سەردەم گۆڕاوە و ھەرێمی کوردستان چەند زیانی بەرکەوێ، تورکیا و ئێران دوو ئەوەندە زەرەرمەند دەبن لە گرتنی سنوور، ١٥%ـی بەرھەمی ئێران دێتە کوردستان و تورکیایش ساڵانە قازانجێکی زۆر لە سونوری ھەرێمی کوردستان دەکات، خۆیشیان ئەوە لەگەڵ خۆیان ناکەن سنوور بگرن و ئابووریی خۆیان لاواز بکەن."

سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و دواتریش پەرلەمانی کوردستان، ٢٥ـی ئەم مانگەیان وەک ڕۆژی ڕاپرسی بۆ گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان دیاری کردووە تا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار