٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایەکی زانکۆ؛ کەرنەڤاڵەکانی جەماوەر بوون بە ڕیفراندۆم..پەیامەکە بە جیهان گەیشت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێ، کەرنەڤاڵەکانی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە گەلی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندایە، ئیدی ڕیفڕاندۆم بکرێت و نەکرێت پەیامی خەڵکی کوردستان گەیشتە جیھان، کە دەمانەوێت لە دەوڵەتی عێراق جیا ببینەوە.

(د.محەمەد شاکر)، ڕاگری کۆلیژی شەریعەی زانکۆی سەلاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کەرنەڤاڵ و ئاھەنگ و دەربڕینەکانی ڕۆژانی ڕابردووی گەلی کوردستان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، خۆی بەشێکە لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان و کوردستانیان ئەو پەیامەیان گەیاندە جیھان و، چیی دی ژێردەستەیی قبووڵ ناکەن و دەیانەوێت لە دەوڵەتی عێراق جیا ببنەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە کەرنەڤاڵەکانی خەڵکی کوردستان نیشانەی ڕوونن بۆ بەرچاوی جیھان و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزانن گەلی کوردستان چی دەوێت و خواستی جیابوونەوەی ھەیە، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیییەوە.''

(د. محەمەد شاکر) باوەڕیشی وایە، ئەوەندە ئەزموونەی سەد ساڵی ڕابردوو بەسە بۆ ئەوەی بڵێین لەگەڵ عێراق نەمانتوانی بگەینە ئەنجام و تا دێت دەوڵەتی عێراق بەرەو ھەڵوەشانەوە دەچێت و وەک (سەرۆک بارزانی) چەندین جار ئاماژەی بۆ کردووە، دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەلی کوردستان گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی عێراقی نوێ، عێراقی ھەموو پێکھاتە و جیاوازییەکان بێت، نەک عێراقی یەک لایەن و مەزھەب، بەداخەوە دەوڵەتی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ ھەر ئەو دەوڵەتەی پێشوو مایەوە و نەیتوانی ببێتە ئەو دەوڵەتەی کورد دەیویست دیموکراتی و فیدڕاڵی و فرەنەتەوەیی و فرەئایینی بێت. دەمەوێ بڵێم، ڕیفڕاندۆم بکرێت و نەکرێت، کەرنەڤاڵەکانی خەڵکی کوردستان بوون بە ڕیفڕاندۆم و پەیامەکە بە جیهان گەیشت. ''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار