٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''لە سنووری نەینەوادا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ رێفراندۆم تەواو کرد''

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە سنووری نەینەوا کۆتایی ھاتووە و سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژمارەیەکی بەرچاو چاودێر و دەزگەی ڕاگەیاندن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم خۆیان تۆمار کردووە.

(سەعید جردۆ)، سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیان: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆن ھەموو ئامادەکارییەکی دەست پێ کرد بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە دەوروبەری نەینەوا و، ئێستا ھەموو کاروبارەکان کۆتایییان ھاتووە و سبەی ڕاھێنانی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانیش کۆتایی دێت و ئامادەین بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان. لە لایەکی دیکەشەوە چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن و چاودێری کۆمەڵگەی مەدەنیش خۆیان تۆمار کردووە بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم، چونکە سنوورکەمان دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و زیاتر چاوی جیھانی لەسەرە.''

دوای بڕیاری ھێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، زۆرینەی یەکە ئیدارییەکانی سنووری دەوروبەری  پارێزگای نەینەوا، بڕیاریان دا، لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکەن و دواتر کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، دوو فەرمانگەی بۆ نەینەوا و کەرکووک دامەزراند.

دەربارەی ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبییان تێدایە، (سەعید جردۆ) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەموو سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگە سندووقی دەنگدانی لێ دەکرێتەوە و خەڵک لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری دەکەن، بەڵام ھەندێ ناوچە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبییەوە، ئەوانە بنکەی دەنگدانیان نابێت، چونکە مەترسی ھەیە کێشە بۆ خەڵکی دەنگدەر دروست بکرێت و ئەگەر مەترسی نەبێت، ئامادەین سندووقی دەنگدان ببەینە ھەموو شوێنێک.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار