٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجومەنی هۆزە کوردەکانی ڕۆژئاوا پشتگیرییان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەنجومەنی هۆزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت و، سەرۆکهۆزەکانیش بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەن.

لە بەیاننامەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، هاتووە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەوشێکی سیاسیی هەستیار و نازکدا تێپەڕ دەبیت و ئێمە، وەک ئەنجومەنی هۆزە کوردەکان، بە هەموو شیوەیەک پشتگیری لەو ڕیفراندۆمە دەکەین، کە بە بڕیاری پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت و، بە پرسێکی مێژوویی ناوی دەبەین.

لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی هۆزە کوردەکاندا هاتووە، داوا لە هەموو کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بە یەکگرتوویی ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەییی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەرەو سندووقی دەنگدان بچن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.

لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان کراوە، بەرامبەر ئەو هێرشانەی شۆڤێنییەکان بوەستن، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەزموونەی کوردستان تێک بدەن.

پەیوەست بەم پرسەش، (فەواز بەنگۆ)، سەرۆکی هۆزی (ملان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە لە هەرجێگایەک بین و لە کام پارچەی کوردستان بین، دڵمان لە لای هەر کوردێکە و لە نێوان کوردەکاندا سنوور نییە. ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستان دەکەین و دەبێتە ماڵی گەورەی ئێمە.''

هاوکات (جەمالی خەلەف برۆ)، یەکێک لە شیخەکانی جەزیرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەنجومەنەکەمان پشتیوانی ڕیفراندۆمە، چونکە ئەمە بۆ هەموو کوردێکە و، لێرەوە پەیام بۆ کوردستانییانی هەرێم دەنێرین و پێیان دەڵێین، ئێمە لەگەڵ ئێوەینە، چونکە باب و باپیرانیشمان خەونیان بە دەوڵەت و سەربەخۆییی کوردستانەوە دەدیت، بەڵام ئێستا ئەو خەونە بووەتە ڕاستی و ئەمە دەبێتە دەستپێکێک بۆ ئازادبوونی هەموو کوردستان.''

کاروان باعەدری
 

هەواڵی پەیوەندیدار