كەسوكاری شەھیدان: سەربەخۆییی كوردستان، وەفایە بۆ خوێنی شەھیدان

ھەولێر-KDP.info- تا دێت لە رۆژی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نزیك دەبینەوە و بانگەشەی پرۆسەكەیش بەردەوام لە فراوانبووندایە، كەسوكاری شەھیدانیش باس لەوە دەكەن كە، قوربانیدانی ئەوان و ڕۆڵەكانیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بووە و، تاكە وەفایش بۆ خوێنی شەھیدان، ئەنجامدانی ریفراندۆمە.
(ڕەدوان زێباری) برای شەھیدێكی شەڕی داعش، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ھەموو خەبات و تێكۆشانی ئێمە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان و ناسنامەی میللەتی كورد بووە، بۆیە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەھیدان و رەنجی پێشمەرگە، ئەنجامدانی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەبەر ئەوەی شەھیدەكانی ئێمەیش لەو پێناوەدا خوێنی خۆیان ڕشتووە".
ھەر لەو بارەیەوە (عێزەددین شەمسەددین) كە ئەویش برای شەھیدێكی دیكەی شەڕی داعشە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، میللەتی كورد تینووی سەربەخۆییە، بۆیەیش قوربانیی زۆری داوە لە پێناوی ئەوەدا كە ھەلێكی بۆ بڕەخسێت و سەربەخۆ بێت.
(عێزەددین) گوتیشی، "دوای ئەوەی میللەتی كورد قوربانیی زۆری دا و زۆریش زوڵم و زۆرداریی دیت و ئاوارە بوو، ئێستا زەمینە لەبارە و كاتی ئەوە ھاتووە ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێین".
ڕوونیشی كردەوە، "پێویستە لەو پرسە گرینگەدا ھەموو لایەنەكان یەكدەنگ بن، بۆ ئەوەی ئێمەیش سەربەخۆ بین و ببینە خاوەن كیانی خۆمان و چیتر زوڵممان لێ نەكرێت و خوێنی شەھیدانی ئێمە بەفیڕۆ نەچێت، چونكە ئەمە خەونی كەسوكاری شەھیدانە، ئێمەیش شەھیدمان داوە و ئامادەیشین بۆ سەربەخۆیی كوردستان، خۆیشمان بكەینە قوربانی".
بڵند ئیبراھیم




