کۆسرەت ڕەسووڵ لە کەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی لە کەرکووک: حیساب بۆ بڕیاری بەغدا ناكەین

كەركووك-KDP.info- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەریەكە لە جێگری سەرۆكی هەرێم، پارێزگاری كەركووك، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسانی حیزبی و حكوومی و هەزاران هاووڵاتیی شاری كەركووك، كەرنەڤاڵێك بۆ پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان ساز درا.
دەسپێكی كەرنەڤاڵەكەیش بە گوتاری (نەجمەددین كەریم) پارێزگاری شارەكە بوو، كە ئاماژەی بە پێكەوەژیانی برایانەی نەتەوەكانی شارەكە كرد و گوتی، "ئەم شارەی كە دڵ و قودسی كوردستانە، هەر بە كوردستانییش دەمێنێتەوە، لە رۆژی ٢٥ـی مانگیش، بۆ وڵاتانی دنیای دەسەلمێنین كە كەركووك خاكی كوردستانە".
هەر لە میانەی گوتارەكەیدا پارێزگاری شارەكە بە زمانەكانی عەرەبی و توركمانی داوای لە هاووڵاتیانی عەرەب و توركمانی شارەكە كرد، كە پشتگیریی ریفراندۆم بكەن و دەنگیان (بەڵێ) بێت بۆ سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان.
دواتریش (كۆسرەت رەسووڵ) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتاری خۆی پێشكەش كرد و، تێیدا ئاماژەی بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینییەوە كرد و گوتیشی، "بۆیە بڕیاری ریفراندۆممان داوە و داوامان لە گەلی كوردستان كردووە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، چونكە بە درێژایی مێژوو حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان، هەمیشە مافی گەلی كوردستانیان پێشێل كردووە".
گوتیشی: "حیساب بۆ بڕیاری بەغدا ناكەین كە بۆ لادانی (دكتۆر نەجمەیدین كەریم) لە پۆستی پارێزگای كەركووك داویانە، چونكە ئەو بڕیارە بڕیارێكی سیاسییە".
لە كۆتایی گوتارەكەیدا، جێگری سەرۆكی هەرێم سەركۆنەكردنی بڕیارەكەی بەغدای لە دژی پارێزگاری كەركووك دووپات كردەوە.




