٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەهیدانی زیندوو: بە سەركەوتنی ڕیفراندۆم، برینەكانمان ساڕێژ دەبن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- شەهیدانی زیندووی هەرێمی كوردستان، كار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم دەكەن، وەك خۆیشیان ئاماژەی پێ دەدەن، لە پێناو خاكی كوردستاندا بەشێكی جەستەیان لە دەست داوە و، بە سەركەوتنی پرۆسەكەیش، برینەكانیان ساڕێژ دەبن.

لیوا (شوان مۆغاغی)، سكرتێری كۆمەڵەی شەهیدانی زیندوو (یەكەی ٧٠)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "شانازی دەكەم لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتیمانیدا بەشێكی جەستەم لە پێناو ئەم خاكەدا لە دەست داوە، ئەویش لە پێناو گەییشتنی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بە مافی خۆی، كە سەربەخۆییە". ناوبراو ئاماژەی بە شەهیدبوونی برایەكیشی كرد و گوتی، "لە پێناو ئاسوودەكردنی رۆحی گشت شەهیدانمان، كار بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بە بێ جیاوازی ئایدۆلۆژی دەكەین".

ئەو شەهیدە زیندووە ئاماژە بەوەیش دەكات، گەر كەسێك وەفای بۆ نیشتیمان و گەلەكەی نەبێت، ئەی بۆ كێی دەبێت! هاوكات ئومێدەواریشە سەرجەم لایەنەكانی كوردستان دەست لەناو دەست كار بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بكەن.

لەمەڕ خۆئامادەكردنیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، (سەروەر ئەحمەد سابیر) كارگێڕی كۆمەڵەی شەهیدانی زیندوو (یەكەی ٨٠)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هەموومان بۆ رۆژی دەنگدانی ریفراندۆم ئامادەین بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەین".

لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، شەهیدە زیندووەكانیش وەك خۆبەخش بەشدار بوون و چەندین شەهید و برینداریشیان داوە، وەك لیوا (شوان) و (سەروەر ئەحمەد) ئاماژەیان پێ دا، "ئەنداممان هەبووە جیا لەوەی پێشتر بەشێكی جەستەی لە دەست داوە، لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشیشدا بە خۆبەخشانە بەشدار بووینەتەوە و شەهید و برینداریشمان داو". ئەوان، شەهیدەكانیان بە نزیكەی ٨٠ كەس و بریندارەكانیشیان بە ٢٥٠ كەس دەخەمڵێنن.

(سەروەر) بە شانازییەوە دەڵێت، "ئێمە وەك شەهیدانی زیندوو، ئامادەین لە پێناو سەرخستنی پرۆسەری ریفراندۆمدا، نەك بەشێكی جەستەمان، بەڵكوو گیانی خۆیشمانی لە پێناودا بەخت بكەین، چونكە بە سەربەخۆییمان دەتوانین قەرەبووی لەدەسدانی بەشێكی جەستەمان بكەینەوە، كە پێشتر هەر لەم پێناوەدا لە دەستمان داوە و هەر بە سەربەخۆییش برینەكانمان ساڕێژ دەبن".

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار