٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیوا ئەحمەد مستەفا: ڕیفراندۆم بۆ ئێمە پرسێکی ستراتیژییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (هیوا ئەحمەد مستەفا)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت، ڕیفراندۆم پرسێکی ستراتیژییە. دەشڵێ لەم دۆخەدا هیچ کەس بۆی نییە و ناتوانێت بەگژ کوردستاندا بێت، چونکە ئەمە جاران نییە، خەڵک کیمیاباران بکرێت، ئەنفال بکرێت، کەس قسە نەکات، جیهان لەسەر کوشتنی کۆترێک دێتە دەنگ، ئێستا ئاراستەی بیرکردنەوەی جیهان گۆڕاوە، بۆیە کوردستان لە مەترسیی هەر هەڕەشەیەک دوورە.

(هیوا ئەحمەد مستەفا)، ئەندامی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی24 ی سه‌فینی پارتی دیمه‌كراتیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستانە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، جگە لە موزایەدە دژی ڕیفراندۆم، هیچی دیکە نین، خەڵکی کوردستان بەنییەتی سەربەخۆیی بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەن و بە لێشاو چوونی خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان، وەڵامی سەرجەم ناحەزان دەدرێتەوە و، دواجار خەڵکی کوردستان بڕیار دەدەن و سەنگی محەکن لە نێوەندەکەدا، بۆ ئێمەش پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی ستراتیژییە، هەموو ئاواتی ئێمە بۆ سەربەخۆیی کوردستانە، ئێمەش هیچمان کەمتر نییە لە وڵاتانی دیکە، ئەگەر بووین بە دەوڵەت، ئەوکاتە گرفتی ئابووری و پرسی سنوور و سوپا چارە دەبێت، لە چوارچێوەی دەوڵەت هەنگاو دەنرێت، ئەو کاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەگەڵمان دەبێت و چاوەڕوانی ئەوە ناکەین لە عێراقەوە پارەمان بۆ بێت، ئەو کاتە دراوی خۆمان هەیە، بانکی خۆمان هەیە، کارگە و پاڵاوگەی خۆمان دەبێت.''

(هیوا ئەحمەد مستەفا) گوتی: ''کاتێک کوردستان سەربەخۆ بوو، ئەوکاتە تێدەگەین، کە چۆن گرنگە دەوڵەتمان هەبێت، چونکە ئێستا کۆمەڵێک گرفتمان هەیە، کە لە دەرئەنجامی نەبوونی دەوڵەتە، وەزیری بەرگریمان نییە، وەزیری دەرەوەمان نییە، بەشدار نین لە بانکی نێودەوڵەتیدا، لقمان لە بانکەکانی جیهان نییە، ئەمانە لە داهاتوودا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی کوردستاندا چارەسەر دەکرێن.''

ئاماژەیشی دا: ''خەڵکی کوردستان لە بنچینەوە خەڵکی ئەم خاکەن، لەم خاکەدا ژیاون، بنچینەیان کوردستانە، ئەوەتا ئەشکانییەکان و خوییەکان و بابلییەکان و قیرییەکان سەرجەمیان چونکە لە خاکی خۆیان نەبوون، دواجار لەناوچوون و نەمان، بەس ئەم خاکە خاکی کوردستانە، هەمووشتێکی جیاوازە لەگەڵ عێراق؛ جلوبەرگ، سروشت، قسەکردن، ئیتر بۆ دەبێت بەزۆر بلکێنرێین بە عێراقەوە؟ ئێستاش ئەوان نەک وەک هاووڵاتیی پلە دوو، بگرە لە بەغداوە حیسابی کورسیمان لەگەڵ دەکەن، ڕاستە لە ڕیژەی کورسیدا ئێمە قەد لە لایەنە عێراقییەکان زیاتر نابین، بەڵام ناشکرێت بەم عەقڵییەتەوە مامەڵە لەگەل پێکهاتەیەکی وەک کورد بکرێت.''

ئەوەیشی خستە ڕوو: ''هەرێمی کوردستان زۆری هەوڵ دا، لەگەڵ عێراق بگونجێت، کاتی خۆی سەرکردەکانی عێراق هەموویان پەنایان بۆ کوردستان هێنا، پشتیوانیان هەرێمی کوردستان بوو لە دژی ڕژێمی (سەددام)، دوای نەمانی ڕژێم، ئەوان کە پێگەی خۆیان بەهێز کردەوە، دووبارە کەوتنەوە سەنگەر لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی عەقڵییەتی پێشوو مامەڵەیان کرد، ماوەک بەدەرکردنی کورد لە بەغدا و ماوەیەکیش بە لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرەکانی کورد و دەرکردنی کورد لە پۆستەکانی بەغدا، یانی ئێمە چۆن بتوانین لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەی بەغدا هەڵبکەین؟.''

(هیوا ئەحمەد) دەشڵێ: ''ئێمە لە داهاتوودا دەبینە دراوسییەکی باشی عێراق و وڵاتانی دیکە، ئاخر خۆ ئێمە چەکی ئەوەندە قورسمان پێ نییە، تا هەڕەشە بین لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە، ئێمە ئەوەندە چەکمان نییە، تا مەترسی بین لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە بەئاشتییانە دەبینە دراوسییەکی باش و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەسەر ئێمە دەکاتەوە، چونکە مەترسیی نین بۆ سەر کەس.''

بەرپرسی لقی شەقڵاوەی پارتی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێ: ''بەداخەوە هەندێک حزب لەسەرەوە لەگەڵمانن، لە بنەوەش وا نین. هەندێکیان لە جەماوەری خۆیان دەترسن. ئەگەر جەماوەرێک بۆ سەربەخۆیی نەبێت، ئەی بۆ چییە؟ پێمان گوتوون، جەماوەرکۆکردنەوە لەسەر ئێمە و بەشداری لەسەر ئێوە، خەڵکێکی زۆر لە ناو حزبەکانی دیکە هەیە، پێمان دەڵێن،کە ئەوان بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەن و بە گوێی ئاراستەی حزبەکان ناکەن، لەکاتێکدا خەڵکی زۆر نیشتمانپەروەر لە ناو حزبەکانی دیکەدا هەیە.''

ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: ''لەم دۆخەدا هیچ کەس بۆی نییە و ناتوانێت بەگژ کوردستاندا بێت، چونکە ئەمە جاران نییە، خەڵک کیمیاباران بکرێت، ئەنفال بکرێت، کەس قسە نەکات، جیهان لەسەر کوشتنی کۆترێک دێتە دەنگ، ئێستا ئاراستەی بیرکردنەوەی جیهان گۆڕاوە، بۆیە کوردستان لە مەترسیی هەر هەڕەشەیەک دوورە.''

دەربارەی فشاری کوردانی تاراوگە، (هیوا ئەحمەد) ڕایگەیاند: ''فشاری کوردانی تاراوگە لەسەر بڕیاری ناوەندی ئەوروپا و ئەمەریکا کاریگەریی هەیە و، تا دێت کۆبوونەوەی جەماوەر و ڤیستیڤاڵ فراوان دەبێت، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بڕیاری ئەوروپا دەبێت و بۆ هەندێک خەڵکی ئەورووپا ڕوون بووەوە، کە حکوومەتی کوردستان شەرعییەتی هەیە، یان نا، بۆیە چاوەڕوان دەکەین، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵمەتەکان گەرمتر ببنەوە و کاریگەرتر بن.''

کارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار