لایەنە سیاسییەکانی دەڤەری گەرمیان پێکەوە دەست بە بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکەن

کەلار-KDP.info- ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ دانوستان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و چۆنییەتیی چڕکردنەوەی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم لە ڕۆژانی داھاتوودا کۆ بوونەوە و، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، بڕیارە ھەموو لایەنەکان پێکەوە کەرنەڤاڵی گەرمیان بۆ پاڵپشتیی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەڕێوە ببەن.
(ڕەھێڵ جاف)، بەرپرسی دەزگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ٢٢ی گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی دەڤەری گەرمیان لە بارەگای مەڵبەندی ١١ی یەکێتی کۆ بوونەوە و پرسی ڕیفڕاندۆم لە سنووری گەرمیانیان تاوتوێ کرد و، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چڕکردنەوەی بانگەشەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە سنوورەکە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ھەموو لایەنەکان پێکەوە لە یاریگای کەلار کەرنەڤاڵی بەرەو سەربەخۆیی بەڕێوە ببەن و جەماوەر و نوێنەری ھەموو حزبەکانی بەشدار لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکەن.
(جاف) گوتیشی: ''ئێمە پێشتر ئامادەکاریمان بۆ کەرنەڤاڵی کەلار کردبوو، بەڵام پێمان باش بوو ھەموو لایەنەکانی دیکەش بەشداری بکەن و ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بڕیاری داوە بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم زیاتر بکات و بە شێوەیەکی گشتی لە سنووری کەلار و خانەقین بانگەشەی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت و خەڵکی دڵخۆشن بەوەی کە بەرەو نزیکبوونەوەی ٢٥ی ئەیلوول دەچین.''
قائید میرۆ




