سهرۆك بارزانی بۆ وهزیری بهرگریی بهریتانیا: بێ زەمانەتی نێودەوڵەتی، ڕیفرهندۆم دوا ناخرێت

ههولێر-KDP.info- له وهڵامی داواكاریی وەزیری بەرگریی بهریتانیا بۆ دواخستنی ڕیفرهندۆم بۆ سهربهخۆیی، (سهرۆك بارزانی) رایگهیاند، داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گهرهنتییەکی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
ئێوارەی ئهمڕۆ دووشهممه 18ـی9ـی2017، (مهسعوود بارزانی) سهرۆكی ههرێمی كوردستان له سهلاحهددین پێشوازی له (مایکڵ فاڵن) وەزیری بەرگریی بهریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە لە (فڕانک بەیکەر) باڵیۆزی بهریتانیا لەعێراق و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکاری سەربازی پێکهاتبوو.
له دیدارەکەدا کە (کۆسرەت ڕەسووڵ) جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرەتا وەزیری بەرگریی بهریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان بهریتانیا و گەلی کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆسەی مەشقکردن بە هێزی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند ئەو هاوکارییە سەربازییانە بەردەوام دەبن.
وەزیری بەرگریی بهریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان داواکارن ڕیفراندۆم دوا بخرێت و لەبەرانبەردا پڕۆسەیەکی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکرێت و، پڕۆسەکەش بە ئەجێندای کراوە و لەژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی بهریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و، جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
سەبارەت بە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم، (سەرۆک بارزانی) کورتەیەکی لەسەر ئەو نەهامەتییانەی گەلی کوردستان لە عێراقدا بەسەری هاتووە بۆ شاندی میوان باس کرد و ڕایگەیاند، کە ڕۆژی 7ـی حوزەیران زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پاڵپشتیی گەلی کوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەستنیشان کرد، بەڵام خودی بڕیاری ڕیفراندۆم لەو ڕۆژەدا نەدراوە، بەڵکوو ئێمە بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو چەندینجار بەغدامان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر لەسەر پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی شەراکەت و هاوسەنگی بەردەوام بن، ئێمە بۆ ڕای گەلەکەمان دەگەڕێینەوە.
(سەرۆک بارزانی) ڕاشیگەیاند: ئێمە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی کردەوە و شکستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت.
هەروەها ڕاشیگەیاند: ڕیفراندۆم ئامرازێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی، بە هەمان شێوە گفتوگۆیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو، گهرهنتیی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەییی بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆییی کوردستانی تێدا نەبووە. بۆیە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گهرهنتییەکی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.
(سەرۆک بارزانی) گوتیشی: ئەگەر حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەربەخۆییی کوردستان لە ماوەیەکی زمەنیی دیاریکراودا و، زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لەسەر سەربەخۆییی کوردستان، ئەوکاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دوابڕیاری خۆی دەدات.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تەئکیدیان لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوانیان کردەوە.





