سبەینێ سۆران بە گەرمی بانگەشە بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەکات

سۆران-KDP.info- بڕیارە سبەی بە ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) کەرنەڤاڵێکی گەورەی ڕیفڕاندۆم لە قەزای سۆران بەڕێوە بچێت و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، زۆرترین خەڵک لە کەرنەڤاڵی سۆراندا بەشداری دەکەن.
(عەلی عەونی)، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سبەی، ڕۆژی سێشەممە، لە سەنتەری شارۆچکەی سۆران کەرنەڤاڵێکی گەورەی ڕیفڕاندۆم لە یاریگای سۆران بەڕێوە دەچێت و جەماوەری سنووری حەوزی سۆران لە ھەرچوار قەزای سۆران و چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆرەوە بەشداریی تێدا دەکەن و (سەرۆک بارزانی) خۆی ئامادەی کەڕنەڤاڵی میللیی سنووری قەزای سۆران دەبێت. مەبەست لەو کەڕنەڤاڵەش ئەوەیە پێش دەنگدانی ٢٥ی ئەیلوول بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەنین، سۆران لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستانە.''
(عەلی عەونی) گوتیشی: ''دەڤەری سۆران خەڵکی نیشتیمانپەروەر و خەباتگێڕی تێدایە و لە ھەموو شۆڕەشەکانی ڕابردوودا خەڵکی ناوچەکە لە قوربانیدان پشکی شێریان بەرکەوتووە، لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییشدا خەڵکی سنوورەکەمان زۆرینەی بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن و ڕۆژانە ئێمە لە نێو خەڵکداینە و چین و توێژەکان ئەوەیان پشتڕاست کردووتەوە، کە تەنیا چارەسەر ئەوەیە بە دەستی خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری بکەین، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەکەین سبەی زۆرترین خەڵک لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشداری بکات.''
قائید میرۆ
Attachments area




