كەركووكییەكان: بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆییی كوردستان، وەڵامی دوژمنان دەدەینەوە

كەركووك-KDP.info- ھاووڵاتیانی شاری كەركووك دەڵێن، وەڵامی دوژمنان بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەدەنەوە، ئەوان دەڵێن، كوردیش وەك ھەموو نەتەوەكانی جیھان، مافی ئەوەی ھەیە بڕیار لە پاشەڕۆژی خۆی بدات.
(عادل كەركووكی) وەك گەنجێكی شاری كەركووك و سەرپەرشتیاری گرووپی بانگەشە بۆ سەربەخۆییی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمەی ھاووڵاتیانی شاری كەركووك بە ھەموو شێوەیەك پاڵپشتی و پشتگیریی خۆمان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان ڕادەگەیێنین. ئاخر سەربەخۆییی كوردستان خەونی ھەموومانە و ساڵەھای ساڵە خەبات گیانفیدایی لە پێناودا دەكەین، بێگومان پرۆسەی ڕیفراندۆمیش بۆ ئێمەی كەركووكی دوو مانای ھەیە، یەكەم گەڕانەوەی كەركووك بۆ باوەشی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و، دووەم ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان."
(كەركووكی) گوتیشی، "ئێمەیش وەك ھەموو نەتەوەكانی جیھان، مافی ئەوەمان ھەیە داوای مافی چارەی خۆنووسین بكەین و بڕیار لە داھاتووی خۆمان بدەین و لە ڕێگای پرۆسەیەكی دیموكراسیانەوە ئەو بڕیارە بدەین، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیانی شاری كەركووك و گشت كوردستانیان دەكەین پێكەوە لە (٢٥/٩) بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بڕۆین و دەنگ بە (بەڵێ) بدەین وەكو وەفایەك بەرانبەر بە خەبات و قوربانی و گیانفیدایی برا پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كە ھەموو چینوتوێژەكانی شاری كەركووكیان پاراستووە، ڕیفراندۆمیش بۆ ئەوەیە كە خوێنی شەھیدانمان بەفیڕۆ نەڕوات و ڕۆحیان شاد بێت و ڕزگارمان بێت لە ژێردەستی و نەھامەتیی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێڕاق، كە ھەمیشە دژی ھەرێمی كوردستان بوون".
پەیوەست بە ھەمان پرس و گڕوتینی كەركووكییەكانەوە بۆ ڕیفراندۆم، قوتابیی زانكۆی كەركووك (ڕێبین نەوزاد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەگەر خەڵكی شارەكانی ھەرێم جارێك گەرموگوڕ بن لە بانگەشەی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)، ئەوا ئێمەی خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان سەد جار گەرموگوڕین و بەشدار دەبین، وەك كوردستانیانیش دوای سەدەیەك لە ژێردەستی، داوای گەڕاندنەوەی شكۆی خۆمان دەكەین و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەدەین".
فایزە كۆیی




