بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە سۆران بەڕێوە دەچێت

سۆران-KDP.info- سەعات 3ـى ئێوارەی سبەینێ، بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە شاری سۆران گەورەترین كەرنەڤاڵی پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان ساز دەكرێت.
(كرمانج عێززەت) قایمقامی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "لە درێژەی ئاهەنگ و چالاكییەكانمان بۆ پشتگیریكردن لە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، وا بڕیارە بەیانی بە ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) و چینوتوێژەكانی هەر چوار شارۆچكەكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز، گەورەترین كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە یاریگای وەرزشیی دێڵزییان لە شاری سۆران ساز بكرێت".
(عێززەت) گوتیشی، "ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی شاری سۆران كۆ بووینەوە و، هەموو پێداویستییەك بۆ ئەو رۆژە دابین كراوە، پۆلیس و ئاساییشیش هەر لە ئێستاوە لە ئامادەباشیی تەواودان، بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاسانترین شێوە بگاتە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆی بدات".
رابین شێروانی




