حدک، کەمپینی پشتگیریکردن لە ڕێفرەندۆمی سەربەخۆیی راگەیاند

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران حدکا دەڵێت، کەمپینێکیان بۆ پشتگیریکردن لە ڕێفرەندۆم سەربەخۆیی راگەیاندووە و بڕیارە فێستیڤاڵێکیش بۆ پشتگیریکردن لە ریفراندۆم ئەنجام بدەن.
(محەممەد ساڵح قادری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کەمپینێکیان راگەیاندووە بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزا کۆ دەکەنەوە و چالاکی ئەنجام دەدەن و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پشتگیری لە پرۆژەی سەربەخۆیی دەکەن و لە کەرنەڤاڵەکانیشدا لە دەرەوەی وڵات، ئەندام و لایەنگرانی ئەوان بەشداری دەکەن.
ئەوبەرپرسەی حدکا جەختی کردەوە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە ھەڵوێستەکانی خۆمان بۆ پشتگیریکردن لە ڕێفرەندۆم بۆ سەربەخۆیی و، دوای ریفراندۆمیش بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردن و، وەک ئەرکێکی نەتەوەییش چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و ھەڵدانی ئاڵای کوردستان. "
وەک (قادری) گوتی، بڕیاریان داوە فێستیڤاڵێکی گەورەش بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆژەی سەربەخۆیی لە کەمپی جەژنیکان ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراھیم




