٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم: ریفراندۆم بەردەوام دەبێ.. پێشنیازە پێشکەشکراوەکان گه‌ره‌نتیی پێویستی تێدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی باڵای رێفراندۆم رایگەیاند، کە لەبەر ئەوەی ئەو پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو ئەو گرێنتییە پێویستانەی تێدا نییە کە جێی ڕەزامەندی و بڕوای گەلەکەمان بێت، بۆیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام بێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم:

ڕۆژی یەکشەممە 17ـی9ـی2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز (مەسعوود بارزانی) کۆبۆوە.

کۆبوونەوەکە ئەو پێشنیارانەی هەڵسەنگاند کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کراون و بەڕێزەوە ئەو هەوڵانە هەڵسەنگێندران و سوپاسی ئەو بایەخپێدانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کە بە گەلی کوردستان دراون. لەو سۆنگەیەوە کە ڕیفراندۆم تەنها ئامرازە بۆ گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەکەمان، کۆبوونەوەکە بڕیاری دا:
یەکەم: لەبەر ئەوەی ئەو پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو ئەو گرێنتییە پێویستانەی تێدا نییە کە جێی ڕەزامەندی و بڕوای گەلەکەمان بێت، بۆیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام بێت.
دووەم: لە هەمان کاتیشدا، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەکەمان، بە ڕووحیەتێکی بونیادنەرانەی بەرپرسانەوە درێژە بە پرۆسەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار