٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتییان: نابێ ڕێگای سەربەخۆیی لە ژێر هیچ گوشارێكدا دوا بخەین

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- هاووڵاتییان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نابێ ڕێگای سەربەخۆیی لە ژێر هیچ گوشارێكدا دوا بخرێت، بۆیە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن، ڕیفراندۆم دوا نەخەن و لە 25/9دا دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، چونكە ئەوە زیاتر لە 100 ساڵە لەگەڵ بەغدا، جگە لە كوشتن و ئەنفال و كیمیاباران و نانبڕین هێچیان پێ نەبڕاوە.

(سەعید حاجی)، فەرمانبەر لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ڕۆژ بە ڕۆژ كورد لە بەغدا پەراوێز دەخرێت، بۆیە دەبێ وەڵامی كوردیش بۆ ئەوان لە 25ی ٩دا بێت و دەبێ هەرچی زووە ئەندامانی كورد بگەڕێنەوە و بە یەكجاری واز لە بەغدا بهێنن، تا بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین. چونكە ئەوە زیاتر لە 100 ساڵە لەگەڵ ئەوانین، جگە لە كوشتن و ئەنفال و كیمیاباران و نانبڕین، بەغدا هیچی بۆ ئێمە نەبووە، بۆیە چەند زوو بێینەوە و ناوماڵی خۆمان ڕێك بخەین و بە دەوڵەتی كوردستان شاد بین، باشترە.''

(جەبار خالید)، هاووڵاتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''كورد دەبێ لە بەغدا بكشێتەوە، بەر لەوەی دەر بكرێن، بۆ ئەوەش پێویستە هەموومان خۆ بكەینە یەك و یەك گوتارمان هەبێت بەرامبەر بە دوژمنەكانمان، تا كەس نەتوانێت دەستمان بۆ درێژ بكات، چونكە ئەگەر كورد یەك بێت، هێز نییە دەست بۆ كورد درێژ بكات و كورد پەرتەوازە بکات.''

مامۆستا (غازی ڕەحیم) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەمڕۆ باشترین هەنگاو ئەوەیە كە لایەنەكان ڕێك بكەون و هەموویان پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان بكەن، چونكە تاكە چارە لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە ئاواتەكانی ئەوەیە کە خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و بە یەكجاری كۆتایی بە كێشەكان بێنێت و بە ئازادی لە وڵاتی خۆیدا بژی، چونكە بەغدا چاوی بە پێشكەوتنەكانی هەرێم هەڵنایەت، هەر لەبەر ئەوەش، بەردەوام هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان.''

مامۆستا (غازی ڕەحیم) گوتیشی: ''نابێ ڕێگای سەربەخۆیی لە ژێر هیچ گوشارێكدا دوا بخەین، بۆیە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، ڕیفراندۆم دوا نەخەن، با لە 25/9دا دەنگ بە سەربەخۆییی كوردستان بدەین.''

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار