٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەفات کەرەم: لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا لە بایكۆتكردن بەردەوامن و ئەگەر سبەی ھیچ بڕگە نەیەنن بۆ پەرلەمان، بەشداری لەو دانیشتنەدا دەكەن، چونكە بەشێكی پەرلەمانتاران بەنیازن بڕگەیەك بێننە پەرلەمان و چارەنووسی كەركووك لە پەرلەمان یەكلا بكەنەوە.

(د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ھەر پێنج فڕاكسیۆنەکەی كوردستان بڕیارمان داوە بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا نەكەین و، دوێنێیش لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی دیكە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمان دانیشتین و باسمان لەوە كرد كە ئەوەی پەرلەمان دەیكات لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەكدا نییە و ئێمەش لەگەڵ توندوتیژیدا نین و پێویستە نەرمی ھەبێت و ناكرێت پەرلەمان بەو شێوەیە مامەڵە بكات.''

(كەرەم) گوتی: ''سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر، (ھادی عامری)، داوای كرد لەگەڵی كۆ بینەوە و باسی لەوە كرد كە پێویستە ھەوڵ بدرێت توندوتیژی نەبێت، چونكە ھەندێك توندڕۆ ھەوڵ دەدەن توتدوتیژی دروست بێت و ڕەنگە بۆ ھێوركردنەوەی دۆخەكە، (عامری) خۆیشی سەردانی ھەرێم بكات.''

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەیشی دا: ''ئێستا ھەوڵێك ھەیە، کە بڕگەیەك بێنن بۆ پەرلەمان و بڕیاری لەسەر بدەن، بەوەی كە پەرلەمان چارەنووسی كەركووك یەكلا بكاتەوە، بێگومان ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر كەركووك.''

(كەرەم) ڕوونیشی كردەوە: ''بڕیارە سبەی دەنگ لەسەر كۆمسیۆن بدرێت، ئەگەر ھیچ بڕگەی نوێ نەھێنن بۆ پەرلەمان، ئێمە بەشداری دەكەین و دەنگ بە كۆمسیۆن دەدەین.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار