پارێزگاری كەركووك: بۆچوونی ئەمەریكا و زلهێزهكان دەگۆڕێت.. عەبادی دەسەڵاتی بەسەر كەركووكدا نییە

كەركووك-KDP.info- پارێزگاری كەركووك، بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دوورخستنەوەی، بە نایاسایی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، بەپێی یاسا، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەسەڵاتی بەسەر كەركووكدا نییە.
(د. نەجمەددین كەریم)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بابەتی دوورخستنەوەم 100% سیاسی و نایاساییە، پەرلەمانی عێراق پێشێلی یاسایان كردووە، لە كۆی 364 پەرلەمانتار 120 كەس دەنگیان بە دوورخستنەوەم داوە، هەر كەسێك تۆمەتبار بێت بە گەندەڵی، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام من بە بێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك، بڕیاری دوورخستنەوەم دراوە."
پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەوەیش دا، "لە دوای بریاری ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، دژایەتی دەكرێین، بۆیە خەڵكی كەركووك رێگا نادا بەم شێوەیە هەندێك كەس بڕیار لە بارەی كەركوكەوە بدات، چونكە ئەمە شەش ساڵ و نیوە دەستبەكار بووین و تا ئێستا هیچ تۆمەتێك نەهاتووەتە سەرم، ئەی خێرە كە ئاڵامان هەڵكرد ئەو شتە رووی دا، چونكە عەرەب لە دوای ساڵی 1970 هاتوونەتە كەركووك و پێشتر لە نێو شارەكە نەبوون، بۆیە بڕیاری دوورخستنەوەم تەنیا لای كەركووكییەكانە."
(د. نەجمەددین) روونیشی كردەوە، "لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، دەنگە تووڕەكان كپ دەبنەوە و بۆچوونی ئەمەریكا و وڵاتانی زلهێز لە دوای 25ـی ئەیلوول دەگۆڕێت".




