شرۆڤەكارێكی سیاسی: ئهوهی عێراق دهیكات شەڕی یاسا نییە.. گەڕایەوە بۆ ئەسڵی خۆی

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەكارێكی سیاسی باوەڕی وایە، ئەوەی عێراق بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان دەیكات، شەڕی یاسا نییە و شەڕی شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستانە. دەشڵێ، بەغدا دەیەوێ بۆ دژایەتیكردنی ریفڕاندۆم لە چركەساتێكدا ھەموو كارتەكانی گوشار بەكار بێنێ.
(مەشخەڵ كەوڵۆسی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا بەغدا بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان دەیكات، شەڕی یاسا نییە، بەڵكوو شەڕی شكاندنی ئیرادەی میللەتی كورد و گەلی كوردستانە، چونكە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە كۆتایی بەو پێوەندیانە بێنن لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، بەكارھێنانی كارتی سەربازییش، ھێڵی سوورە كاتێك پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات دەستەڵات بدرێت بە سەرۆكوەزیران ھێز بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان بەكار بھێندرێت، ئەو رێكارانەی دەیانگرێتە بەر بۆ یەكپارچەیی عێراق، بەكارھێنانی ھەموو كارتەكانی گوشارە لە چركەساتێكدا، تەنانەت بەغدا ھەوڵی داوە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكانیشی بۆ دژایەتیكردنی ھەرێمی كوردستان بەكار بێنێت".
(كەوڵۆسی) گوتیشی، "ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق دەریكردوون و لە بەرنامەیدایە دەریان بكات، پێچەوانەی ئەو لۆژیكەیە كە پێشتر لایەنەكان لەسەری رێك كەوتوون لە عێراق، پێم وابێت عێراق گەڕایەوە بۆ ئەسڵی خۆی و وەك وڵاتێكی داگیركەر مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا دەكات، بەوەیش نەوەستاوە و ھانای بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە بردووە دەستوەردانی سەربازی بكەنە سەر خاكی ھەرێمی كوردستان، ئەمانەیش ھەمووی وا دەكەن زیاتر گەلی كوردستان لەسەر بڕیاری دیاریكردنی چارەنووسی خۆی لە ٢٥ـی ئەیلوولدا، مكوڕ بێت".
قائید میرۆ




