٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوڕی ئەنفالکراوێکی گەرمیان: بە (بەڵێ)، رۆحی شەھیدانمان ئاسوودە دەکەین

سەرچاوە: KDP.info



هەولێر-KDP.info-  کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان دەڵێن، ریفرەندۆم و سەربەخۆیی بەرھەمی ئەوانە و گیانی شەھیدەکانیان بە دەنگی (بەڵێ) ئاسوودە دەکەن، نووسەرێکی بواری ئەنفالیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئامانج لە ریفرەندۆمی ٢٥ی  ئەیلوول تەنیا سەربەخۆییە و خەڵکی پایتەختی ئەنفالیش لەو رۆژەدا بە دەنگی (بەڵێ) بەشداری دەکەن.

(میقداد فڕۆکەوان)ـی دانیشتووی گەرمیان، کە باوک و دوو مام و دوو خاڵی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا زیندەبەچاڵکراون، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "بڕیاری ئەنجامدانی ریفرەندۆم بە بەرھەمی خۆمانی دەزانین، چونکە ژمارەیەک ئازیزی خۆمان لە پێناو کوردستاندا لە دەست داوە"، ئەو دڵخۆشیی خۆیشی بە رۆژی ٢٥ـی ئەیلوول ناشارێتەوە و دەڵێت: "بە دەنگی (بەڵێ) رۆحی شەھیدەکانمان ئاسوودە دەکەین.. بەشداریی ئێمە لە ریفرەندۆمدا واتای دووبارەنەبوونەوەی ئەنفال و کارەساتەکانی رابردووە."

(میقداد فڕۆکەوان) کە کوڕی ئەنفالکراوە جەختی دەکاتەوە "خۆمان ئامادە کردووە، تاوەکو رۆژی ریفرەندۆم بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ داوایش لە کەسوکاری شەھیدان دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە (بەڵێ) بەشداری بکەن".

هاوکات (عەلی هەمزە) کە کەسوکاری لەگەڵ ھەشتھەزار ھاووڵاتییە بارزانییەکاندا و لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەنفال کراون، لەبارەی چۆنیەتیی ئامادەکارییان بۆ رۆژی دەنگدان لەسەر پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوان زیاتر لە ھەموو کەسێک چاوەڕێی ھاتنی ئەو رۆژەین، تاوەکو چارەنووسی خۆمان بە دەستی خۆمان دیاری بکەین"، ئاماژە بەوەش دەکات، کە رژێمی بەعس بە ھۆی کوردبوونیان ھەشتھەزار لە خزم و دۆست و ھاوڕێیانی لێ ئەنفال کردوون."

(عەلی هەمزە) کە لە مێرگەسۆرەوە قسەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکرد گوتیی "ئێستایشی لەگەڵدابێت ئێسک و پروسکی زۆربەی ئەنفالکراوان نەدۆزراوەتەوە"، ئەو دەڵێ، کاتێک باسی ریفرەندۆم دەکرێت، ھەست دەکەن ئەو  غەدرەی لێیان کراوە،  خەریکە بەرھەمەکەی دێتەدی و، "دەگەین بە ئامانج و سەربەخۆییی کوردستان و رزگارمان دەبێت لەو دەوڵەتەی کەسوکاری ئێمەی ئەنفال کرد، کە ئامادە نییە داوای لێبوردنمان لێ بکات".

(ئیسماعیل هەنارەیی) کە بە نووسینەکانی لە بواری ئەنفالدا ناسراوە، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "گەلی کوردستان خاوەن زۆرترین قوربانین لە ئەنفال و شەھید، خوێنی رۆڵەکانمان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ھەر لە شۆڕشەکانی رابردوو، تاوەکو دەگات بە ئەمڕۆ،  کە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشە، لە پێناو سەربەخۆیی و رزگاربوون بووە لە ژێردەستەیی".

بڕیار دراوە گەلی کوردستان لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بڕیار لە پاشەڕۆژی خۆی بدات، بۆیە ئەو نووسەرە پێیوایە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد پێداگر بێت لەوەی ریفرەندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و بەھیچ شێوەیەک دوا نەخرێت، (هەنارەیی) هۆکارەکەشی بۆ ئەو دەرفەتە مێژووییە دەگێڕێتەوە، کە بۆ گەلی کوردستان هاتووەتە پێش، دەشڵێت: "لەو بڕوایەدام خەڵکی کوردستانیش وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی پێشمەرگە، بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەدەن".

(هەنارەیی) زۆر بە دڵنیاییەوە دەڵێت: "خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵ، کە پایتەختی ئەنفالە، لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بە (بەڵێ) بەشداری ریفرەندۆم دەکەن، چونکە ماڵێک نییە شەھیدی ئەنفالی نەبێت و قوربانی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەدابێت".

قائید میرۆ

 


 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار