سهرۆك بارزانی بۆ وەزیری دەوڵەتی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە: هەرێمی کوردستان هەرگیز دەرگای لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ دانەخستووە

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ کاروباری کەنداو کرد و، ڕایگهیاند، هەرێمی کوردستان هەرگیز دەرگای لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ دانەخستووە.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٦ـی٩ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە (تامر السبهان) وەزیری دەوڵەتی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە بۆ کاروباری کەنداو کرد.
لە دیدارەکەدا (تامر السبهان) ڕێز و سڵاوی پادشای سعوودییە و جێنشینی پادشای سعودیەی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ڕێز و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی. هەروەها جەختی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی دۆستایەتیی دێرینەی سعوودیە و کوردستان کردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ نێوەندگیری و زەمینەسازیی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا، نیشان دا.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنان، پێزانینی خۆی و گەلی کوردستانی بۆ هەڵوێست و گرینگیپێدانی (شا سەلمان بن عەبدولعەزیز) پادشای عەرەبستانی سعوودیە و جێنشینی پادشا بە کوردستان دەربڕی و، تەئکیدی لەسەر پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان شانشینی سعوودیە و کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەرگیز دەرگای لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ دانەخستووە.




