"زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لە ڕەبیعە مافی دەنگدانیان هەیە"
_-_Copy__2017_09_16_h16m9s44__ER.jpg)
ڕەبیعە-KDP.info- بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و ڕاپرسی لە ناوچەی ڕەبیعە دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بۆ ڕیفراندۆم لە ناوچەی ڕەبیعە کراوان و لە ناوچەی ڕەبیعە ١٥ بنکەی دەنگدان هەیە.
ناحیەی ڕەبیعە سەر بە قەزای تلەعفەرە، ٦٥ کیلۆمەتر لە باکووری قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ دوورە و ناوچەیەکی ستراتیژیی سنوورییە و، چەندین عەشیرەتی عەرەبیش لەوێ هەن، لەوانە شەمەر و جحێش.
(وەیس نایف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە سەرجەمی زیاتر لە ٨٥ هەزار دانیشتوانی ناوچەکە، زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەویش لە ١٥ بنکەی دەنگدان، کە ٦ بنکەیان لە نێو سەنتەری ناوچەی (ڕەبیعە)دان و ٥ بنکە لە ناوچەی (عوینات) و ٤ بنکەش لە ناوچەی (مومی)ن.''
پەیوەست بەم پرسەش، یەکێک لە شێخە گەورەکانی عەشیرەتی شەمەر بە ناوی (شێخ ئەنوەر تەڵب شەلال)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە، وەک عەرەبی ناوچەی ڕەبیعە بە هەموو شیوەیەک پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین، چونکە ئەمە مافی ئەوانە سەربەخۆ بن و ئێمەش لەم ناوچە پاراستووین و پێشمەرگە هاوکاریمان دەکات و ناوچەکانمانی ڕزگار کردووە و جگە لە پێشمەرگە بروامان بە هیچ هێزیکی دیکە نییە.''
بەرپرسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ناوچەی ڕەبیعە گوتیشی: ''لە ناوچەکەدا ٧٢ گوند هەیە، کە عەرەبەکانیش لەنێویاندانە و ئەوانیش پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە.''
ناوچەی ڕەبیعە دوای بۆشاییی سوپای عێراق کەوتە دەستی داعش و پێشمەرگە بە خۆینی خۆی ڕزگار کرد و پێشتر بەرپرسەکانی لەگەڵ ئیدارەی شنگال پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی.
هاوکات (خەلیل زوبەیعی)، یەکێک لە موختارەکان، کە هاووڵاتیی ناحیەی ڕەبیعەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە ناتوانین هەموو ڕۆژێک ئاوارە بین و لە ژێر دەستی حکوومەتێکدا بین بە ناوی حکوومەتی عێراق کە نەتوانێت بمانپارێزیت. بۆیە بە هەرشێوەیەک بێت، دەبێ بگەڕێینەوە سەر هەرێم و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕیفراندۆمی هەرێم دەکەین و بە بەڵێ دەنگ دەدەین، چونکە ئەمە خەونی ئێمە بوو، کە جارێک بە ئارامی بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەنگ بدەین.''
کــــاروان باعەدری




