"کاراکردنەوەی پەرلەمان تەکانێکی بەهێزتری دایە پرۆسەی ڕیفراندۆم"

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات و دەڵێت، ئەوەی کرا جێگای دڵخۆشیی هەموو لایەک بوو..هاوکات سەرۆکی لیستی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، لە پەرلەمانەوە پشتگیری لە پڕۆژە نیشتمانییەکان دەکرێ.
دوێنێ بەشێکی زۆری حزبە سیاسییەکانی کوردستان پەرلەمانی کوردستانیان کارا کردەوە و، لە یەکەم دانیشتندا دەنگ درا لەسەر ڕیفراندۆم و دواتر چەند پرۆژەیەکی گرنگ، کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەبوو خرانە دەنگدانەوە، وا بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا کۆمەلی ئیسلامیش بەشداری بکات. (ڕێباز بێرکۆتی)، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کاراکردنەوە پەرلەمان دڵی خەڵکی کوردستانی خۆش کرد، ڕەهەندێکی یاسایی بەخشییە پرۆسەی ڕیفراندۆم و بیانووی بۆ هیچ لایەک نەهێشتەوە، لە داهاتووشدا لە پەرلەمان کار دەکرێت بۆ چاودێریی کارەکانی حکوومەت، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دەزگایەکی یاسایی لەم بارودۆخەدا گرنگ بوو، بەتایبەت کە ئەمڕۆ پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئارادایە.''
(بێرکۆتی) گوتی: ''دەبێ ئەوەی بەسەر پەرلەمان هات، ئەزموونی لێ وەربگرین و ناکۆکییەکانمان قووڵ نەکەینەوە و کارەسات بەسەر گەلی خۆمان نەهێنین و قۆڵ هەڵبکەین بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم، چونکە ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای شەراکەت و ڕێککەوتنی سیاسیی بەڕێوە دەچێت، ھەر کاتێک ئەو ڕێککەوتنە تێک بچێت، کێشە دروست دەبێت.''
(بێرکۆتی) ئاماژەی بەوەش دا: ''ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەو بیانووانەش بۆ ئەوەیە کە پرۆسەکە شکست بھێنێت، چونکە هەندێک لایەن خۆیان پێشوەختە بڕیاریان داوە لەسەر ڕیفراندۆم.''
(بێرکۆتی) دەشڵێت: ''کاراکردنەوەی پەرلەمان تەکانێکی بەهێزتری دایە پرۆسەی ڕیفراندۆم.''
لای خۆیشیەوە (باپیر کامەلا) سەرۆکی لیستی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی کوردستان ، بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاند: گوتی: "لەگەڵ هەردوو لایەن هەوڵی زۆر درا بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، دیارە ئەوان لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆیە نەهاتنە نێو هۆڵی پەرلەمان، لە هەمانکاتدا هەردوو لایەن پێشوەختە بڕیاریان دابوو کە دەبێ ڕیفراندۆم دوا بخرێت، کە زانیان لە پەرلەمان زۆرینەی دەنگ بە ئەنجامی ڕیفراندۆم دەدات، ئیتر بڕیاریان دا بەشداری کۆبوونەوەکە نەکەن، بەڵام بەگشتی گرینگە پەرلەمان کاراکرایەوە و لەوێشدا پشتگیری لە پڕۆژە نیشتمانییەکان دەکرێ.
گوتیشی: "ئێستاش کە خراوەتە دەنگدانەوە 65 ئەندامی پەرلەمان دەنگیان بۆ داوە لە کاتێکدا بەهەر هۆکارێک بێت، سێ ئەندام دەنگیان نەداوە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەرلەمان فرە دەنگ و فرە رەنگە.
کارزان سەباح هەورامی




