سەرۆک بارزانی دڵنیایی و گەرەنتی دا بە پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا

هەولێر-KDP.info- (مەسعوود بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتیی نەینەوا کۆ بوویەوە و، له بارهی ئهو بهدیلهی لهبهرانبهر دواخستنی ریفراندۆم پێشکەشیان کردووە رایگهیاند، ئهو بهدیلهی پێشنیاز كراوه تهنیا داڕشتن و وشهیه. هاوکات دڵنیایی و گەرەنتی دا بە پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوادا، سەرپشکی کردن کە بەو پەڕی ئازادی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و رایگەیاند، ئەنجامدانی رێفراندۆم بۆ سەپاندنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا نییە، ئێوە ئازادن لە دیاریکردنی چارەنووستان، دووپاتیشی کردەوە کە رێگە بەکەس نادەن خۆیان بەسەر دەشتی نەینەوادا بسەپێنن.
(سەرۆک بارزانی) بەڵێنی دایە پێکهاتەکانی دەشتیی نەینەوا و رایگەیاند، بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر لەگەڵ ئێمە ژیان و بڕیارتان دا لە چوارچێوەی دەوڵەتی کوردستان بن، ئەوا وڵاتێک دروست دەکەین کە بۆ هەموومان بێت و کوردستان ببێتە وڵاتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان. کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر ئێوەدا بسەپێنێت. ئەگەر بتانەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی کوردستان بژین، گرەنتی هەموو مافەکانتان دەکەین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بڕیاری رێفراندۆم بڕیاری لایەنەکانی کوردستانە و ئێستا شەراکەت لەگەڵ عێراقدا شکستی بردووە.
سەبارەت بە بریتی رێفراندۆم، (سەرۆک بارزانی) جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئێستا درەنگە بۆ ئەو قسەیە، ئەگەر بەدیلێکی باشتر و مسۆگەرتر هەیە فەرموون، بەڵام هیچ کەس ئەوەی نەکرد و هیچ بەدیلێکی باشتر نەخرایە ڕوو و ئهو بهدیلهی پێشنیازكراوه تهنها داڕشتن و وشهیه.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد بۆ دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراو و گوتی: "هەوڵ هەیە ئاراستەکان بگۆڕێت بۆ ئاراستەیەکی مەترسیدار و زمانی شەڕ بەکار بهێنن، بەڵام ئێمە ئەمان ناوێت، ئێمە براین. ئەگەر بمزانیایە هەڕەشە و مەترسی ناکەوێتە سەر کوردستان لەوانەیە وێڕای هەموو ناکۆکییەکان لەو چوارچێوەیە بماینایەتەوە. بەڵام مەترسییەکان جیدین".




