فڕاكسیۆنی پارتی: پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی مێژوویی دا
__2017_01_05_h16m31s35__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، پەرلەمانی كوردستان كەوتە سەر كاری خۆی و بڕیارێكی مێژوویی دا، ئەو ئەركە پیرۆزەیش كە لەسەر شانی بوو، وەك خۆی بەجێی گەیاند.
فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، " رێككەوتی (١٥/٩/٢٠١٧) بە هەوڵ و ماندووبوون و دوای گفتوگۆكردنێكی جیددیی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی كە لە هەوڵی چارەكردنی پرسە سەرەكییەكانی كوردستان بوون و هەروەها لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ یەكدەنگیی نیشتمانی بۆ پرسێكی نەتەوەیی كە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، پەرلەمانی كوردستان كەوتە سەر كاری خۆی و بڕیارێكی مێژوویی دا و ئەو ئەركە پیرۆزەیش كە لەسەر شانی بوو، وەك خۆیی بەجێی گەیاند".
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان و تەواوی گەلی كوردستان دەكەین و هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان بگرێت و، ئەوەیش دووپات دەكەینەوە كە ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ داوتانە بۆ پاڵپشتیكردنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شانازییەكی ترە لە نێو هەگبەی كاری پەرلەمانیتان".
نەشوان بەرزنجی




