٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەقینییەكان، كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ پشتگیریكردن لە ریفراندۆم ئەنجام دەدەن

سەرچاوە: KDP.info
 
خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین دەڵێ، ئەو بڕیارانەی لەبارەی ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆم لە سنووری دیالە دراون، ئێمە پێیانەوە پابەند نابین و، ھەموو ئامادەكارییەكیش بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم كراوە و، بڕیارە بە بەشداریی ھەموو لایەنە كوردییەكان، كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ پشتگیریكردن لە گشتپرسی ئەنجام بدەین".
 
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و مەندەلی لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە دەرچوون، ھیچ گرینگ نین و ئێمە پێیانەوە پابەند نابین و ڕیفراندۆم لە ناوچەكانی ئێمە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە لە ڕووی دانانی بنكە و وێستگەی دەنگدان، چونكە ھەر بڕیارێك لە بەغداوە دەربچێت، ئێمە پێیەوە پابەند نابین".
 
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لە بانگەشەكردن بەردەوامین و چاوەڕێی لایەنەكانی دیكە دەكەین بە ھاوبەشی بانگەشە دەست پێ بكەین، بڕیاریشە ھەموو لایەنەكان بە ھاوبەشی كەرنەڤاڵێكی گەورە لە سنووری خانەقین بە بەشداریی جەماوەر ئەنجام بدەین، ئەمەیش بۆ پشتگیریكردنە لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم".
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار