ھاووڵاتیان بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دڵخۆشن

ھەولێر-KDP.info- شەوی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان كارا كرایەوە و پشتگیریی خۆیشی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەربڕی، هەروەها كۆمسیۆنیشی راسپارد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە ٢٥/٩ـی ئەمساڵدا، چاودێران و ھاووڵاتیانیش پێیان وایە، كاراكردنەوەی پەرلەمان ھێزێكی زیاتری بە ریفراندۆم بەخشی و زۆریش بەو پرۆسەیە دڵخۆشن.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. بوخاری عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند "پرۆسەی ڕیفراندۆم، پرۆسەیەكی یاساییە و بۆ ئەوەی ھێزێكی یاسایی وەرگرێت، پێویستی بە یاسا و پاڵپشتیی پەرلەمان ھەبوو، ئەمە داواكارییەك بوو لە پەرلەمان و شەوی ڕابردوویش پەرلەمان ئەوەی كرد، بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ھێزێكی زیاتری دایە ئەو پرۆسەیە".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن پەرلەمانەوە كرا، شەرعییەتی زیاتری بە پرۆسەكە بەخشی و، ئێستا پرۆسەكە ھیچ كێشەیەكی نییە و پەرلەمانیش پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕیوە و ئەو گلەییەی ھەیشبوو، نەماوە.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، راستە ھەموو فڕاكسیۆنەكان لەو دانیشتنەدا بەشدارییان نەكردووە، بەڵام بە تێكڕای ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادە بوونە، پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆسەكە دەربڕیوە و، ئەگەر ریفراندۆمیش ئەنجام درا، ئەوكات ھیچ كێشەیەك نابێت".
لای خۆیشیەوە (چاوشین ھورمزیار)ـی ھاووڵاتی دەڵێ، "ئێستا دڵخۆشم كەوا دەنگم بە پەرلەمانی كوردستان داوە و دەتوانم بڵێم پەرلەمان مەرجەعی منە، چونكە كارا كرا و پاڵپشتی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی، بۆیە دەڵێین ھەزار جار بەڵێ بۆ ریفراندۆم".
ھەر لەو بارەیەوە (عەوام عەبدوڵڵا)ـی ھاووڵاتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى، "من زۆر دڵخۆشم بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پشتگیریكردنی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، پێیشم وایە ئێستا پرۆسەكە ھیچ كێشەیەكی نەماوە و ھیوادارم لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت، ئێمەیش بە ھەموو توانایەكمان بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەكەین و بە بەڵێ دەنگی خۆمان دەدەین".
هاوكات (زیاد ئیبراھیم)ـیش كە ھاووڵاتییەكی دیكەیە، گوتی، "زۆر دڵخۆشین بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە بۆ ئەم قۆناغە زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی پشتگیری لە پرۆسەی ریفراندۆم بكات و، ھیچ بیانوویەكیش بۆ ئەو كەس و لایەنانە نەھێڵێت كە باسیان لەوە دەكرد ریفراندۆم بێ پەرلەمان ناكرێت، بۆیە لە رۆژی دەنگداندا بەشداری دەكەین و بە بەڵێ دەنگی خۆمان دەدەین".
بڵند ئیبراھیم




