سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر بەتوندی بڕیاری لادانی نەجمەدین کەریم لە پارێزگاری کەرکووک رەت دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێ کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆربەتوندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی (د. نەجمەدین کەریم) لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەت دەکاتەوە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان زۆر بە توندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەت دەکاتەوە.
بەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە شکستی شەراکەت و پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی بنەماکانی تەوافوق و گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە دووپات کرایەوە.
گەلی کوردستان بەگشتی و جەماوەری پارێزگای کەرکووک بەهیچ شێوەیەک پابەندی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نابن، بەڕێز نەجمەدین کەریم لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پی نەدراوە تا لێی وەربگرنەوە. پارێزگاری کەرکووک بە هەڵبژاردن و لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک متمانەی وەرگرتووە و خەڵکی کەرکووک خاوەنی ئەو بڕیارەن نەک پەرلەمانی عێراق.
د. ئومێد سەباح
وتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان




