فراکسیۆنە کوردستانییەکان: بڕیاری لادانی پارێزگاری کەرکووک یاسایی نییە و لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە

بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکرا بڕیاری لادانی پارێزگاری کەرکووکیان لە پەرلەمانی عێراقدا بە نایاسایی زانی و ئەو کارەیان بە کاری دەستێکی سیاسی ناو برد.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەکاردانی پارێزگاری کەرکووکیان لە پۆستەکەی دا,
.
لە ڕاگەیاندراوێکدا سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقیان بە نایاسایی و پێچەوانەی بنەمای دیموکراسی و تەوافق و پێشێلکارییەکی زەقی یاساییان زانی.
لە ڕاگەیاندراوێکدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە گوتیان، ئەم بڕیارە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە و لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدایە.
روونیشیان کردەوە کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا ڕەچاوی بەشداری و دەنگ و بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان ناکرێ و بەبێ ڕەچاوی ئێمە بڕیار دەردەکرێن، نموونەیان بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم هێنایەوە و ئەمڕۆش کە بڕیاری لادانی (نەجمەدین کەریم) لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک درا، زیاتر نیەتی ئەو دەستە سیاسییە دەردەخات کە لە پشتەوە کار بۆ درووخستنەوەی پێکهاتەکان لە یەکدی دەدات.
ئەوەیشیان گوت، دادگای باڵای دەستووری عێراق ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
گوتیشیان، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق وادەکات کە گەلی کورد زیاتر مکوڕبێ لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.




