٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی بۆ كۆمكاری عەرەبی: گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە و، ڕیفراندۆمیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەردرێت و، گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتیانە و دیالۆگ و دانوساندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9ـی 9ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (ئەحمەد ئەبوغەیت) ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی داعش و، پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی مووسڵی لە (سەرۆك بارزانی) كرد.
(ئەحمەد ئەبوغەیت) هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە.
ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانە دا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند، كە لەژێر ڕۆشنایی وەڵامی (سەرۆك بارزانی) بۆ نامەكەی، هاتووە كە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) بدوێت و ئەوەی خستەڕوو، كە بەو ئەنجامە گەییشتووە كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بە یەكەوە بژیێنەوە و نیگەرانیەكانیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد، كە ڕیفراندۆم بۆ ماوەیەك دوابخرێت و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوساندن لەنێوان هەرێم و بەغدادا بكرێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕایگەیاند، كە سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە.
هەروەها باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و ڕایگەیاند، كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.
لەبارەی بابەتی ڕیفراندۆمیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ڕاگەیاند، كە ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت، بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.
هەروەها ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە دا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە، كە لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و تەوافوق و دەستوور و ڕێككەوتنەكانیش پێشێل كران.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە بەپێی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە قۆناغی جۆراوجۆر و جێبەجێنەبوونی شەراكەت و پێشێلكاریی دەستوور و ڕێككەوتنەكان، متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە و، ڕیفراندۆمیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەردرێت و، گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتیانە و دیالۆگ و دانوساندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار