"دەرکردنی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەمانای کۆتایی تیرۆر نایەت"

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکا كرد و لە دیدارەکەدا بە وردی باسی ڕەوشی مووسڵ و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەگشتی و ناوچەی تەللەعفەر بەتایبەتی کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەرکردنی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەمانای کۆتایی تیرۆر نایەت و جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ـی٨ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکا کرد کە پێکهاتبوو لە (دۆگڵاس سلیمان) باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ژەنەڕاڵ (تاونسێند) فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا، ژەنەڕاڵ (فانک) کە لە شوێنی ژەنەڕاڵ (تاونسێند) دەستبەکار دەبێت و (کین گرۆس) کونسووڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر.
لە سەرەتای دیدارەکەدا ژەنەڕاڵ (تاونسێند) ڕایگەیاند کە ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا کۆتایی هاتووە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و ژەنەڕاڵ (فانک) لە شوێنی ئەو دەستبەکار دەبێت. (سەرۆک بارزانی) هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێ بۆ هەردوو ژەنەڕاڵ خواست.
لە درێژەی دیدارەکەدا بە وردی باسی ڕەوشی مووسڵ و بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەگشتی و ناوچەی تەللەعفەر بەتایبەتی کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە دەرکردنی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەمانای کۆتایی تیرۆر نایەت و جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و پێشکەوتنەکان لە دژی داعش، خرانە بەرباس.




