سەرۆک بارزانی: بەهیچ شێوەیەک لە ریفراندۆم پاشگەز نابینەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لە پێشوازی (فەخری کەریم) سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراقی بۆ ئاشتی و هاریکاری و سەرۆکی دەزگای ئەلمەدا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەز نابینەوە لەبەرئەوەی ئەنجامدانی دەربڕی ئیرادەی گەلەکەمانە و، لەگەڵ پەیماننامە نیودەوڵەتییەکان و بەها بەرزە مرۆییەکان یەک دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٧/٨/٢٦ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە (فەخری کەریم) سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراقی بۆ ئاشتی و هاریکاری و سەرۆکی دەزگای ئەلمەدا كرد.
لە دیدارەکەدا رەوشی سیاسی ئێستا بەتایبەتی بڕیاری ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی داهاتوو لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان باس کرا.
لەمبارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەز نابینەوە لەبەرئەوەی ئەنجامدانی دەربڕی ئیرادەی گەلەکەمانە و، لەگەڵ پەیماننامە نیودەوڵەتییەکان و بەها بەرزە مرۆییەکان یەک دەگرێتەوە.
(سەرۆك بارزانی) نیگەرانی خۆی لە هەندێك هەڵوێست نیشاندا لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم كە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بەهاو پرەنسیپانەیە کە وڵاتە دیموکراتییەکان پێوەی پابەندن تیایدا رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگیرێت، لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە رێگە چارەیە بۆ ئەو پشێوییەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە، هەروەها دەرفەتێكە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بوون و ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت و بۆچوونی گەلەكەی بۆ ئەم بڕیارە دووپات بكاتەوە ولە بەژەوەندی بەهیزکردنی برایەتی نێوان گەلانی كورد و عەرەب و عێراق دایە بە گشتی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا دووپاتیان كردەوە کە پێویستە ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم بکرێت لەپیناو دروستکردنی ژینگەیەکی بونیاتنەرانەی گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداو چەسپاندنی بنەمای بەهێز بۆ ئایندەی پەیوەندی نێوان هەردوو گەل، ئەم گفتوگۆیەش لە ئێستاوە پێویستی بە ئامادەکارییەکی باش هەیە جەختیش لەسەر ئەوەی كرایەوە كە گەلی کوردستان دۆست و هاوپەیمانی دراوسێکانی دەبیت و، دەبێتە هۆکاری چەسپاندنی ئاشتی و ئارامى.




