٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

"ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە پێوەندیی بەردەوامدا بێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕوو کە ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە پێوەندییی بەردەوامدا بێ.


ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كریڵ جییان نوون باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق باسی لە پشتگیریی گەل و وڵاتەكەی كرد بۆ بەهێزمانەوەی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا كاری گرنگی ئەنجام داوە و جێگەی بایەخی ئەڵمانیایە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەڵمانیا ئاگاداری مێژووی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانە، نیگەرانییەكانی وڵاتەكەیشی لەبارەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و ئەو هاوكارییانەی بە كاریگەر وەسف كرد.
لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە ئەوە بڕیاری كەسێك یان لایەنێك نییە بەڵكو ماف و بڕیاری تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە و نابێ خەڵكی كوردستان لەو مافە بێ بەش بكرێت و ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەیشی باس كرد كە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیەكمان تاقی كردووەتەوە بەڵام شەراكەت سەری نەگرتووە و ئەوە حكوومەتی عێراقی بووە كە هیچ كات شەراكەتی نەویستووە و گەلی ئێمەیش ناتوانێ دوای ئەو هەموو قوربانیدانە پاشكۆیی قبووڵ بكات و ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوە. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگدا لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لەسەر دیاریكردنی ئاییندەی پەیوەندییەكان و پرسی ڕیفراندۆم.
 

هەواڵی پەیوەندیدار